مەسرور بارزانی دەڵێت، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش، جەخت دەکاتەوە، “سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕاگرتنی شەڕ و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق.”
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی ‘شەهیدانی یەکی شوبات’ لە هەولێر بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا.
دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
پەیامی سەرۆکوەزیران لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات
سەرۆکی حکوومەت لە 22ـەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوباتدا، رایگەیاند “هیوادارین ئەم نەهامەتانە چیتر بەسەر گەلی کورددا نەهێن، بەداخەوە ئەمە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی کوردستانە کە بەداخەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هەموویان شەهید بوون. ئەمڕۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی ڕزگاریخوازی کوردستان.”
مەسرور بارزانی لەم بۆنەیدا جەختی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد کردەوە و گوتی، “دەبێت (رووداوە تیرۆریستییەکە) ئەو پەیامەمان پێ بدات کە دەبێت ئێمە یەکگرتوو بین، خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە رەواکانی گەلەکەمان بەردەوام بین و رێگەی ئەو شەهیدانە ئینشائەڵڵا بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی کۆتایی گەلەکەمان.”

