رۆژنامەی ھەولێر

پەیامی پارێزگاری هەولێر، لە یادی کارەساتی 1ـی شوبات

لە ساڵیادی کارەساتە تیرۆریستیه‌كه‌ی 1ـی شوباتی 2004، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە دادەنوێنین، کە لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز و لە کاتی دەربڕینی خۆشی و گەردن ئازادی لە یەكتر لە هەردوو بارەگای لقی2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی3ـی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، بوونە قوربانی دەستی ڕەشی تیرۆرست و تاریک پەرستان.
ئه‌و کردەوە تیرۆریستییە، سەلماندی کە دوژمنانی گەلەکەمان بە یەکچاوو سەیرمان دەکەن و هیچ جیاوازییەک لە نێوانماندا نابینن و بۆیان بکرێت هەموو کردەوەیەکی دژ بە مرۆڤایەتی بەرانبەر گەل و نیشتیمانەکەمان ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا بەڕێز و شكۆوه‌ يادى شه‌هيدانى ئەو کارەساتە ده‌كه‌ينەوە، ئومێد دەکەین ئەم یادە ببێتە هەوێنی پتەوکردنی زیاتری تەبایی و یەکڕیزی و یەکگرتووی گەلی کوردستان، کە زامنی پاراستنمانە لە بەرانبەر هەموو هەڕەشەیەکدا.
جارێکی تر دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 1ـی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کورد و كوردستان.
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
1ـی شوباتی 2026