رۆژنامەی ھەولێر

٣٩ ســـــــاڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی جوانەمەرگ ئیدریس بارزانی تێپەڕ دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاتێک کە پەڕەکانی مێژوو ھەڵدەدرێنەوە و قسە لەبارەی کەسە کاریگەر و خاوەن کەسایەتی بەھێزی مێژووی کورد دەکرێت، دەبێ لە یەکێک لەو پەڕانە ناوی ئیدریس بارزانی ببیندرێت، ٣٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی تێدەپەڕێت، کە ھاوڕێ و ھاوسەنگەرەکانی بە ئەندازیاری ھەوڵەکانی یەکڕیزی گەلی کورد دادەنێن، بەو پێیەی کاری بۆ یەک ماڵی کورد و قبوڵ نەکردنی ملکەچی کردووە، ھاوشێوەی ئێستا کە یەکڕیزی بە بنەمای گەیشتن بە ئامانجەکان دادەنرێت، ھەر ئەوەش وای کردووە بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کورد و ئەندازیاری دروستکردنی بەرەی کوردستانی دابنرێت.

ئیدریس بارزانی لە مانگی ئازاری ١٩٤٤ لە ناوچەی بارزان و لە ئامێزی خێزانێکدا لە دایکبوو، وەک سەرچاوە مێژووییەکانی کوردستان ئاماژەیان پێکردووە، ھەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ببووە ماڵی گەورەی کوردایەتی و سیمبوڵی نەتەوەیی و ڕووگەی تێکۆشەرانی کورد.
لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکومی، فەرماندە سەربازییەکان، پێشمەرگەکانی ئەیلوول و گوڵان، نوێنەرانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و جەماوەرێکی بەرچاو، یادی ٣٩ ساڵەی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر و کردنەوەی پێشانگەی وێنەیی دەگمەن و مێژوویی سەرکردەی نەمر ئیدریس بارزانی لەخۆگرتبوو بەرز ڕاگیرا، کە گوزارشتیان لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات، تێکۆشانی نەتەوەیی و ڕۆڵی کاریگەری ئەو سەرکردەیە دەکرد لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا.
وەک ھاوخەبات و ھاوڕێیانی باسی دەکەن ئیدریس بارزانی جەختی لە پێکەوە کارکردنی حزبە کوردستانییەکان دەکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد لەو ڕێگەیەوە گەلی کورد زووتر و ئاسانتر بە مافەکانی دەگات، بایەخی زۆری بە خوێندنەوە دەدا و کەسێک بوو ئاگاداری ئەدەب و فەلسەفە و جوولانەوەی سیاسی دنیا بوو، بەلایەوە گرنگ نەبوو چ پلەیەکی ھەبێت، پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ھەبوو، ئەو پەیوەندییەش لای ھەموو کەس ھەستی پێ کراوە، سەرۆک بارزانی، لە بەرگی چوارەمی کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد – شۆڕشی گوڵان”، ستایشی ئیدریس بارزانی دەکات و دەڵێ، “کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتووییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە ھۆی نەرمونیانییەکەشی، کەسێکی لەخۆبوردوو و خاکی بوو، لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەکردنەوە نەدەکردەوە، زۆر جار خەڵکی ئاسایی و ھەژاری بە ئەندامێکی خێزانەکەی دەزانی، ھەستکردن بە کەموکورتیی لای بەرانبەر دەڕەواندەوە، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کاک ئیدریس جێی خۆی لە دڵی خەڵک و ھەموو چین و توێژەکاندا بکاتەوە و بە پشتوپەنا و فریادڕەسی خۆیانی بزانن.
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوەشدەکات، “سەرەڕای ھەموو ئەو مەترسییانەی ھەبوون، زۆر جار کاک ئیدریس بریندار و پێشمەرگەی لە ماڵی خۆی دەپاراستن و بۆ چارەسەرکردنیشیان لەسەر ئەرکی خۆی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەکردن.
لەبارەی ھەوڵەکانیەوە بۆ ئاشتەوایی سەرۆک بارزانی دەڵێ، ” کاک ئیدریس بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ھەبوو، بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە ھۆکاری سەرەکی بوون لە ڕەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی ١٩٨٦، بەو ھۆیەشەوە نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری دوای نسکۆی ١٩٧٥ سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: “کاک ئیدریس لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی ١٩٧٥، بەگیانی پێشکەوتن و داھێنان و بە ڕەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد ئەم نسکۆیە ھەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر ڕووداوەکاندا کاری دەکرد لەھەر شوێنێک بوایە، کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و ھیوا و ئومیدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە.
بەھرام عریف یاسین، بەرپرسی لقی ١٨ـی پارتی لە ئامێدی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئیدریس بارزانی کەسێکی لێھاتوو و توانای زۆر گەورەی ھەبوو، کەسێک بوو ببووە جێگەی باوەڕی بارزانیی نەمر، بەتایبەتیش پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ کە بارزانیی نەمر نەخۆش کەوت، ئیدریس بارزانی و سەرۆک بارزانی پێکەوە وەکو ڕۆحێک لە دوو جەستەدا سەرکێشی کاروانی خەباتی گەلی کوردستانیان کرد، کەسێک بوو لە بواری سیاسی، دیبلۆماسی و ڕازیکردنی کەسی بەرامبەر ھێز و توانای بێ وێنەی ھەبوو، کەسێکی دڵسۆز بووە بۆ ئەوانەی خەباتیان دەکرد، کەسوکاری شەھیدان، ئەو کەسانەی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ماندوو بوون، ھەموو کات لای ئیدریس بارزانی جێگەی زۆر بەرزیان ھەبوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە کەسێکی وەفادار بووە بۆ ڕێبازی بارزانیی نەمر، ھەروەھا برا و ھاوڕێ و پاڵپشتی زۆر گەورەبووە لە ھەموو قۆناغەکاندا بۆ سەرۆک بارزانی، بۆیە کۆچی دوایی سەرکردەی جوانەمەرگ ئیدریس بارزانی لەو سەردەمەدا، کارەساتێکی گەورە بوو بۆ پارتی و تێکڕای گەلی کوردستان و بەتایبەتی بۆ سەرۆک بارزانی.
بەرپرسی لقی ١٨ـی پارتی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدریس بارزانی، سەرەڕای تەمەنە کورتەکەی، توانی کاریگەرییەکی قووڵ لە مێژووی خەباتی کوردستاندا بەجێبھێڵێت، بەتایبەت لە چەسپاندنی ئاشتیی ناوخۆیی و دامەزراندنی بەرەی کوردستانی، ھاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەو ھەڵگری ھەموو خەسڵەتە بەرزەکانی بارزانیی نەمر بوو، وەک چۆن سەرۆک بارزانی لە وەسفیدا دەڵێت:”دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی بارزانی بوو، ھەموو سیفاتی لەودا کۆببوونەوە”.
نازم خانەمیر، شارەزای بواری مێژوو، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئیدریس بارزانی لە تەمەنێکی زوودا ماڵئاوایی کرد، بەڵام ئەو ماوەی کە ئیدریس بارزانی تێدا ژیا، خزمەتێکی گەورەی بە ڕێبازە پیرۆزەکەی پارتی و بارزانی کرد، لە ساڵی شەستەکان لەناو شۆڕش، لە پێشمەرگایەتی جێگەی دیار بوو و ھاوکارێکی بەھێزی بارزانیی نەمر بوو، شانبەشانی سەرۆک بارزانی بە ھەر دووکیان دوو گەنجی خوێن گەرم و تازە و پێگەیشتوو و شارەزا بوون، لە قۆناغەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە ١٩٦١ تا ١٩٧٥ دەستێکی باڵای ھەبوو لە بەرگری کردن لە کوردستان، کەسێکی شارەزا و پسپۆر بوو، چ لەڕووی ئیداری، دیبلۆماسی، سەربازی، ئاشتی و ڕۆشنبیری، ھیچ کاتێک لە کارەکانی ماندوو نەدەبوو.
ئەو شارەزایە، ڕوونیشیکردەوە: ئیدریس بارزانی، لە تەمەنی ١٧ ساڵی دەبێتە یەکێک لە فەرماندە زیرەک و شۆڕشگێرەکانی کوردستان ھزری ئاشتی و یەکسانی و ئازادیخوازی و دیموکراسی بوو، لە بواری دیبلۆماسی زۆر سەرکەوتوو بوو، لە بواری کۆمەڵایەتی جێگەی خۆی کردبوویەوە، لەناو دڵی ھەموو تاکێکی کورد، کەسێکی سادە بوو، خەمخۆری پێشمەرگە بوو و لە سەنگەرەکان لەگەڵی دەوەستا، خاوەن ئیرادەیەکی بەھێز بوو، لێبوردە بوو، کەسێک بوو باوەڕی بە خۆی و میللەتەکەی ھەبوو، ھیچ کاتێک ھەستی بە ماندووبوون نەدەکرد، دۆست و دوژمنانی کورد زۆر بە کەسایەتی ئیدریس بارزانی سەرسام بوون، سەرکردایەتی ھەر دوو داستانی ھەندرێن و زۆزکی کردووە، بۆ ئەوەی شەڕ ڕابگیرێت چووە بەغدا و لەگەڵ حکوومەتی عێراق گەیشتنە ڕێککەوتن و ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری لێ ھاتە بەرھەم، بۆیە کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ میللەتی کورد.
ئەحمەد عوسمان، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئیدریس بارزانی خۆی لە ئاوارەکان کردە خاوەن و توانی چارەی کێشە و گرفتەکانی ئەوان بکات، لەگەڵ ئەوەی توانی پەیوەندی لە نێوان پارتی و ھێزەکانی دیکە دروست بکات، لەسەر دەستی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە نێوان پارتی و یەکێتی ھاتە کایەوە و لە ئەنجامدا بەرەی کوردستانی دامەزرا، ڕۆڵ و کاریگەری ئیدریس بارزانی لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی، شۆڕشی کوردی بردە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسسازەوە، ئەگەرچی چەند مانگێک دوای کۆچی دوایی جێبەجێ کرا، بەڵام ئەوە بەرھەمی بیری کوردانەی ئەو بوو، ھەروەھا یەکێک لەو سەرکردانە بوو کە توانی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بکات و بەرەو پێشەوە ببات، لە قۆناغی داھاتووشدا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە درێژە پێ بدات، بۆیە ئەگەر بە زیرەک و لێھاتووی ئیدریسی جوانەمەرگ و سەرۆک بارزانی نەبوایە، حەرەکی کوردی و شۆڕشی گەلی کوردستان نەدەگەیشتە ئەو قۆناغە و لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕین نەدەکرا و کوردستان ئازاد نەدەبوو، ئەو دەستکەوتانەی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا خەباتیان بۆ دەکرا بە دەست ھاتوونە، ھەر بۆیە ھەبوونی ئەو لەو قۆناغانەدا ھاندەرێکی بەھێز بوو، کە ورەی پێشمەرگە بەرز بکاتەوە و خەڵکێک ھان بدات ببێتە پێشمەرگە و بەرگری لە کوردستان بکات.
شایانی باسە ئیدریس بارزانی ٦ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٣١/١/١٩٨٧ لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ماڵئاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشت باوکی دەنێژرێت. دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ سەرکردایەتی پارتی بڕیاری گواستنەوەی تەرمی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی دا، لە ڕۆژانی ٦ تاوەکو ٨/١٠/١٩٩٣ لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت تەرمی ھەردووکیان، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستان، گەیێندرانەوە گوندی بارزان و لەوێ بەخاکسپێردران، بە لەدەستدانیشی جووڵانەوەی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان کەسایەتییەکی کاریگەر و سەرکردەیەکی دیار و بە ئەزموون و یەکێک لە سەرخەرانی پڕۆژەی ئاشتەوایی و بە یەکەوەژیان و یەکخستنی تواناکانی لەدەستدا.