دوێنێ، لە چوارچێوەی گرنگیدانی بە کەرتی تەندروستیی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ هاوڵاتییان و بەرزکردنەوەی کوالێتی نەخۆشخانە گشتییەکان، هەریەك لە د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د.دلۆڤان محمەد، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و حاجی عمر نانەکەلی و د.کامەران نانەکەلی، لە دەزگای خێرخوازیی نانەکەلی و بەرێوەبەر و پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكە، لە ڕێورەسمێکدا هەردوو بەشی تیشكی كارا و خەواندنی منداڵانی 30 قەرەوێڵەییان لە نەخۆشخانەی نانەكەلی كردەوە.
پارێزگاری هەولێر دوای كردنەوە و بەسەركردنەوەی بەشەکە و بە دواداچوون بۆ چۆنیەتی ڕێڕەوی چارەسەرییە پزیشکیەکانی بەشەکان، وێڕای پیرۆزبایی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەی کرد و ئومێد خواست هاوڵاتییان هەمیشە ساغ و تەندروست باشبن و پێویستیان بە نەخۆشخانەکان نەبێت، گوتیشی، كردنەوەی ئەم بەشانە، گرنگ و کاریگەر ن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هاوکاری و چارەسەرکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەكەلی و دووپاتی لە پاڵپشتی و هەماهەنگی بەردەوامی کەرتی تەندروستی بەگشتیی لە سنووری پارێزگای هەولێر كردەوە.
جێگەی باسە، هەردوو بەشی تیشكی خێرا و خەواندنی منداڵانی 30 قەرەوێڵەیی، كە لە لایەن دەزگای خێرخوازی نانەکەلەلی بە هەماهەنگی وەزارەتی تە ندروستی بە گوژمەی ( 500 هەزار دۆلار ) دروستكراوە، پێكهاتووە لە چەندین خزمەتگوزاریی تە ندروستی وەک:- دەست نیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و وەرگرتنی نموونەی گرێ شێرپەنجە و دانانی پۆرت بۆوەرگرتنی چارەسەری کیمیاوی و وەرگرتن و دەرهێنانی ئاو و شلەی تر لە لەش بۆ دەست نیشان کردن و ئەنجامدانی سووتانی گرێی شێرپەنجەیی، وابڕیاریشە لەو نزیكانە بەشی چاندنی مۆخ لەهەمان نەخۆشخانە بكرێتەوە.

