رۆژنامەی ھەولێر

خراپی دۆخی نەخۆشیە دەرونییەکان پێویستی بە ئاوڕدانەوەیە

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، نەخۆشیە دەرونیەکان لە عیراق بە گشتی و هەرێمی کورستان بەتایبەتی بوونەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان. هۆکارەکانیش فشاری ئابووریی و، شەڕ و ئاوارەبوون، بێکاری، گۆڕانکارییە خێزانییەکان، ژمارەی تووشبووان بەو کێشەیە زیاد کردووە. کەچی لەگەڵ ئەم زیادبوونەدا، خزمەتگوزاریی و چارەسەری پێویست لە ئاستێکی گونجاو پێشکەش ناکرێت.

* خراپی شوێنی چارەسەری و ناوەندی دەروونی
زۆربەی ناوەندو شوێنەکانی چارەسەری نەخۆشی دەروونی لە کوردستان، ژمارەیان زۆر کەمە و بارودۆخیان گونجاو نییە. کە شوێنیان کۆن و بینایان خراپە، پاکی و ڕێکخستن تێیاندا گونجاو نییە بۆ چارەسەری دەروونی.
چەندین نەخۆش و خێزانەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم شوێنانە زیاتر وەک شوێنی دەستبەسەری یان سزا دەرکەون، نەک شوێنی ئارامگرتن و چارەسەری. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆش ترسی گەڕانەوە و بەردەوامی چارەسەری هەبێت. بۆیەش خێزانەکان متمانەیان بەنەخۆشخانەو شوێنی لەخۆگرتنی نەخۆشیە دەرونیەکان نیەو لەماڵەوە وەک بەندکراوێک نایەبەنە نەخۆشخانەو هەر لەماڵ بەزنجیر دەیان بەستەوە، لەماڵەوەش خزمەتەکە پێچەوانەی ڕێنماییە تەندروستیەکانە بۆ ئەو نەخشانەو قبوڵکراو نیە.
بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر کرد، بۆ وەرگرتنی نەخۆشێک، کەمەترسی بوو بۆ سەر ژیانی دەوروبەر، ئەو بە بەڕێزەوە ڕایگەیاند کە لەئێستادا شوێنی گونجاو نییە بۆ ئەو ڕەگەزەو دەبێت کەسی ژمارە یەک لەگەڵ نەخۆش بمێنێتەوە، کە ئەوە زۆر ئەستەمە، گوتیشی لەداهاتوودا پڕۆژە دەکرێت، لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک برای هەمان نەخۆش بەهۆی تێکچوونی باری دەروونی براکەی خۆی بە چەقۆ کوشت.

* دەست‌نەکەوتنی دەرمان و چارەسەری پزیشکی
یەکێک لە کێشە قورسەکان، گرانی و دەست‌نەکەوتنی دەرمانە. زۆرجار دەرمان لە نەخۆشخانە فەرمییەکان نییە یان بە ژمارەی کەم بەردەستە. لە بازاڕی تایبەتییشدا، دەرمان زۆر گرانە و زۆر خێزان توانای داراییان نییە بۆ بەردەوامی چارەسەری.
هەندێک نەخۆش ناچار دەبن دەرمانەکانیان لە ماوەیەکدا بوەستێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی خراپتر بوونی دۆخیان، گەڕانەوەی نیشانەکان، یان تووشبوونی قەیرانە دەرونییەکان. کاتی چاوەڕوانی بۆ بینینی پزیشکی دەرونی زۆر درێژە، هەندێک جار نەخۆش هەرگیز ناتوانێت پزیشک ببینێت.

* مامەڵەی خراپی حکوومەتی عیراق و نەناردنی دەرمان
بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق، وەزارەتی تەندروستی فیدرال بەهۆی سیاسەت و جیاوازیەکان وەکو پێویست دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت و تەنانەت لە سزای ئەو نەخۆشانەش درێخی ناکەن، ئەوەش کێشەی ئەو خێزانانەی قورستر کردووە کە نەخۆشی دەرونیان هەیە.

* بەسووک تەماشاکردن و مامەڵەی خراپی کۆمەڵگە
لە کوردستان هێشتا نەخۆشی دەرونی بە عەیب و کێشەی کەسی دادەنرێت. زۆر کەس نەخۆشە دەرونییەکان بە “شێت”، “نزمی کەسایەتی” ناودەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاردانی دەروونی زیاتر و قورسکردنی دۆخی نەخۆش.
ئەم جۆرە تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە وای کردووە نەخۆشەکان هەست بە سووکایەتی و نزمبوونی نرخ و شایستەیی خۆیان بکەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی خۆدوورگرتن و نائومێدی، خراپتر بوونی نەخۆشی دەرونی. زۆر جار کۆمەڵگە نەخۆشی دەرونی وەک نەخۆشی پزیشکی وەرناگرێت، بەڵکو وەک کێشەی ئەخلاقی یان لاوازی کەسایەتی دەیبینێت.
ئەم مامەڵەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەخۆش ترسی قسەکردن لەسەر دۆخی خۆی هەبێت و دوور بکەوێتەوە لە داوای یارمەتیدان. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەم فشارە کۆمەڵایەتییە نەخۆشیەکان ئاڵۆزتر دەکات و نیشانەکان قورس‌تر دەبن، چونکە نەخۆش لە دوو جیهاندا دەژیت: جیهانی نەخۆشیی و جیهانی قەیرانی کۆمەڵایەتی. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەم فشارە کۆمەڵایەتییە بۆتە هۆی نائومێدی توند و هەستەکانی خۆکوشتن.

* پێشنیارەکان
خراپی دۆخی نەخۆشیە دەرونیەکان لە کوردستان و عیراق بەگشتی، ئەنجامی کۆبوونەوەی چەند هۆکارێکی سەرەکییە: خراپی شوێنی چارەسەری، دەست‌نەکەوتنی دەرمان، و بەسووک تەماشاکردن و ناڕۆشنبیری تاکی کۆمەڵگە. چارەسەری ئەم کێشانە پێویستی بە هەنگاوە فەرمییەکان هەیە، وەک:

– دروستکردنی ناوەندی نوێ و گونجاو بۆ چارەسەری دەرونی
– دابینکردنی دەرمانە پێویستەکان بە شێوەی بەردەوام
– زیادکردنی ژمارەی پسپۆڕ و راهێنان
– هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو شکاندنی ستێگمای نەخۆشی دەرونی

ئەم راپۆرتە بانگەوازێکە بۆ دامەزراوە فەرمییەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و میدیا، بۆ ئەوەی بە جدی مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە بکەن، چونکە تەندروستی دەرونی بەشێکی گرنگە لە ژیانی مرۆڤ و داهاتووی کۆمەڵگەو هۆکار بۆ خۆکوشتن و کێشەی گەورەتر.