سلێمان تاشان – ههولێر
لە دەیەی ڕابردوودا دۆخی ڕۆژهەڵاتی نيوەڕاست هیچ کاتێک هێندەی ئێستا بارگاوی نەبووە بە ڕوووداو و قەیران و ئاڵۆزی و پێشهاتی جیاواز، گەلی کوردیش لەوەتەی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە هیچ کاتێک هێندەی ئەم ڕۆژانە لە ژێر مەترسی و هەڕەشە و هێرشدا نەبووە و هیچ کاتێکیش هێندەی ئێستا هەست بە پێویستیی هاودەنگی و یەکگرتوویی کورد نەکراوە.
پرسەکە تەنیا پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە، دوژمنایەتیی کۆن و نوێ و سیستمە جیاوازە سیاسییەکان بەریەک کەوتوون و دۆخێکی نالەباریان هێناوەتە کایەوە، زۆر قورسە پێشبینی ئەوە بکرێت دوای مانگێکی دیکە چ گۆڕانکارییەک دێتە کایەوە، کێ لەو ڕووداوانەدا قازانج و کێ زیان دەکات.
ئەمریکا هێزێکی زۆری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نيوەڕاست و کەنداو کردووە و کەشتییە زەبەلاح و فڕۆکەهەڵگرەکان یەک لە دوای یەک لە ئاوەکانی کەنداو لەنگەر دەگرن. بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵی جیهان ئەو هێزەی ئەمریکا ڕەوانەی ناوچەکەی کردووە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە و تەنانەت لە جەنگی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلیش ئەو هێزەی ڕەوانە نەکردبوو.
ململانێ و ناکۆکیی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتووتە لووتکە و میدیاکانی جیهان باس لە ئەگەری ڕوودانی جەنگێک دەکەن کە ڕەنگە پڕیشکی ئەو ئاگرە تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە. لە لایەک سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرش دەکات و لە لایەکی دیکە بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن.
لە سووریا حکوومەتێکی توندڕەو بە ناوی دەوڵەت و یاسا بەڵام بە نیەتی کۆمەڵکوژی و سڕینەوە دەیەوێت پارچەیەکی کوردستان لەسەر زەوی بسڕێتەوە یان بە تەواوی بخاتە ژێردەستی خۆی و مێژووی ڕەشی سەد ساڵی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە، ماوەی چەند هەفتەیە هێزەکانی دیمەشق و هێزە کوردییەکان بەرامبەر یەکتر وەستاون شەڕ لەکاتێکدا دەکرێ کە ئاگربەست ڕاگەیەنراوە و دیار نییە دوای تەواوبوونی ئاگربەست چی ڕوو دەدات.
لە عێراق ئەمریکا پەیتا پەیتا هۆشداری دەداتە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە حکوومەتێک دانەمەزرێنن کە لایەنگری لە ئێران بکات. مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەم بە ڕاشکاوی ئەو پەیامەی بە گوێچکەی محەمەد شیاع سوودانیدا چرپاند.
بۆ پرسی دامەزراندنی حکوومەتی عێراق ڕاستە لایەنەکانی شیعە لەسەر یەک کاندید ساغ بوونەتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا کۆدەنگییان لە بڕیارەکەیاندا نییە، لە لایەک داوایان لێ کراوە کۆتایی بە حەشدی شەعبی بهێنن و لە لایەکی دیکە هێزە توندڕە و سوێندخۆرەکانی سوننە گەیشتوونەتە دەروازەکانی وڵات و هەمان ئەو مەترسییەیان هێناوەتە کایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ مەرجەعی سیستانی ناچار کرد فەتوای دامەزراندنی هێزەکە بدات.
کورد کە قوربانییەکی سەرەکیی شەڕی داعشە و بەدەیان هەزار کەسی شەهید بووە و بە خوێنی خۆی پارێزگاری لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش کردووە، ئەمڕۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سپڵە دەرچووە و لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی دەرحەق بە خەڵکی سڤیلی کورد لە کۆبانێ و شوێنەکانی دیکە دەکرێ بێدەنگە.
گەلی کورد لە ڕووی جەماوەری و لە ئاستی کۆمەڵگەدا یەکێتی و یەکگرتووییەکی نەتەوەیی بەهێز و مێژوویی هەیە بەڵام لە ئاستی ململانێی حزبی و سیاسی دوو هێزی سەرەکیی باشووری کوردستان ناکۆکییان هەیە و بۆ دەستنیشانکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار هەر کامێکیان بڕیاری داوە بە کاندیدێکی تایبەتی بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن.
قەیرانەکان زۆر و مەترسییەکان فراوان و هەڕەشەکان جیددین، جیهادی و چەکداری توندڕەوی تیرۆریستی ئۆزباکی، ئۆیغۆری، چیچانی و قەفقازی و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زەوی گەیشتوونەتە سنوورەکانی کوردستان و فەرمانی قڕکردن و کوشتنی کوردیان بەدەستەوەیە.
لەم دۆخە ناسکە، هەستیارە، ئاڵۆزە مێژووییەدا کە وڵاتە زلهێزی جیهانی و ناوچەیی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن و هەر وڵات و لایەنێک لە دەوری بەرژەوەندی و گوتارێکی تایبەتیی خۆیان کۆ بوونەتەوە. کاتی ئەوە هاتووە کورد بەرامبەر دوژمن و بێگانە و هاوپەیمانی کۆن و نوێ یەکدەنگ و یەکگرتوو بێت و هێزە سەرەکییە کوردییەکان زۆرترین سازش بۆ یەکتری بکەن بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبی بەلاوە بنێن و دەست بۆ ئەو گوتار و ئاڵایە بگرن کە ئەمڕۆ هەموو تاکێکی کورد بەو پەڕی بڕوا و ئیمانەوە دەستی پێوە گرتووە.

