ڕائیب جادر – هەولێر
ھەموو کوردێک ئێستا دڵی لای ڕۆژئاوایە، بەتایبەتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی پشتیوانی و پاڵپشتی کوردانی ڕۆژئاوا دەدەن، بۆ ئەو مەبەستە لە ھەموو شارەکان کەمپەینی جیاواز بۆ ھاوکاریان ڕاگەیاندووە، تا ئێستا بە سەدان بارھەڵگر لە ھەرێمی کوردستانەوە گەیشتوونەتە ڕۆژئاوا، ئەو کەمپینانەش بەردەوام دەبن تا ڕۆژئاوا لەم بارودۆخەدا بێت. شرۆڤەکاران و حزب و لایەنەکانی ڕۆژئاوا، ستایشی ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژئاوا، ھەروەھا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن، کە شەو و ڕۆژی کردۆتە یەک بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارەکان.
سەرۆک بارزانی لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سووریای دیموکرات “ھەسەدە” و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، جەختی لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری نوێی سووریادا کردووەتەوە.
دۆخێکی سەختی مرۆیی لە ناوچەکە ھاتووەتە ئاراوە و ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان ئاوارە بوون بە تایبەت لە کۆبانێ لەو چوارچێوەیەدا، بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ھاوکاریی مرۆیی بەرفراوانی گەیاندووەتە ڕۆژئاوای کوردستان.
مەزڵووم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، لەم قۆناغەدا پێزانینێکی زۆرمان بۆ ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی ھەیە، لە کاتێکدا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ھەوڵە سیاسییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێوەندگیری ئەمریکی، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی دانوستان و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننانەی کراون، لە نێویشیاندا پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی نێوانمان لەگەڵ حکوومەتی سووریا.
ھەروەھا نووسیویەتی “ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان بە سەرکردە و گەلەکەیەوە، جێگەی ڕێز و پێزانینێکی زۆرە لەلایەن گەلەکەمانەوە.
ئاوارەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن و پەیامی تایبەتیش ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکەن کە ھەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئەوان چڕ کردۆتەوە و بەردوام لەسەر خەت بووە بۆ ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوا زیاتر نەبن و شارە کوردییەکان پارێزراو بن، چاوی ھەموومان لە سەرۆک بارزانییە ئەگەر ئەو لەسەر ڕۆژئاوا بە جواب نەھاتبا و خۆی نەکردبایە خاوەن، ئێستا شتێک نەدەما بەناوی ڕۆژئاوا.
جەواد خەلیل، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پێویستە ھەموو حزب و لایەنەکان پشتیوانی لە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بکەن، چونکە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەروازەیەکی سەرەکی بوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ زیندووکردنەوەی ڕەوتی سیاسی زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: پێویستە شەڕ ڕابگیرێت و پەنا ببرێتە بەر گفتوگۆ، لە ھەمان کاتدا ھاوکارییە مرۆییەکان بگەن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە و کوردیش بەشێکی سەرەکی بێت لە حکوومەتی داھاتووی سووریا.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتی و سەرۆکایەتی ئەو ھێڵە نەتەوەیی، نیشتمانی و ناسیۆنالیستییە کوردییە دەکات، ئەو بە دیپلۆماسی و سیاسەت لەسەر ئاستی جیھان خەریکی دۆزی نەتەوەییە، لە ڕۆژئاوا شەڕڤانانی کچ و کوڕی کورد، لەسەر ئەرز شەڕی مان و نەمان دەکەن، شەرەفمەندانە بەرگری لە کەڕامەت و خاکی کوردان دەکەن.
ئەو چالاکوانە، گوتیشی: کارەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان مێژووییە، ھەروەھا دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تەواوی ھەرێمی کوردستان دەکەم کە بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاری و ھاوسۆزییان بۆ خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوا دەربڕیوە، پێویستە ئەم ڕۆحی دڵسۆزییە لە نێوان ھەر چوار پارچەی کوردستاندا بەردەوام بێت.
ئیسماعیل ئیبراھیم، بەڕێوەبەری دەزگای زاری کرمانجی بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاند، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی باڵای نەتەوەی کورد ھەنگاوی دیپلۆماسی ھاوێشتووە، لە ھەموو کۆبوونەوەکانی داوای پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە بە ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەکانەوە، ئەم ھەڵوێستەی جەنابیان لەنێو ھەموو پێکھاتەکانی نیشتمان ڕەنگدانەوەی ھەبووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەھەمان شێوە کاریگەری زیاتر بووە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تەواوی ھێزی خۆی بەکارھێناوە تا ڕێگە لە کۆمەڵکوژی کوردستانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بگرێت، ئەمەش بووە ھۆی ڕاگرتنی جەنگی جینۆسایدکردن لەو بەشەی نیشتمان.
بەڕێوەبەری دەزگای زاری کرمانجی بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاند، گوتیشی: کاریگەرییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕاگرتن و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی سووریا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پیلانی ھەرێمایەتی ھەبوو، پیلانەکە ئەوە بوو لە ماوەی چەند ڕۆژێک کۆتایی بە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بھێندرێت، بەڵام وەک سەرۆک بارزانی گوتی” کار بگاتە ئەو ئاستەی غەدر لە کوردان بکرێت و کار لەسەر نەمانی کورد لەو ناوچانە بکرێت ئەو کاتە ھەموومان یەکین و ئەوەی پێم بکرێت دەیکەم” ئەم ڕستەیە سەرۆکی خستەبەر بەرپرسیارییەتی مێژوویی” چۆن داعشی تێکشکاند ئەو جارەش پیلانێکی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەناوبرد.
ئیسماعیل ئیبراھیم، بەڕێوەبەری دەزگای زاری کرمانجی بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاند، ڕوونیشیکردەوە: ھاوکاری خەڵکی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ڕۆژئاوا، شۆڕشێک بوو، کە بە ھەموو جیھانی پیشاندا کورد لە ھەر کوێ لێی بقەومێت ھەموویان یەک دەگرن، ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەندە کاریگەر بووە، کە ئێستا وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ھەژمار دەکرێت و زۆرینەی ڕێکخراوەکانی مرۆڤی لە ئاستی نێودەوڵەتی پشتی پێ دەبەستن، کاتێک ئەم ڕێکخراوە بە ھانای لێقەوماوانی تورکیا چوو، کاتێ ئاوی خواردنەوەی گەیاندە بەسرە، کاتێک لە ھەموو پرسە مرۆییەکانی کوردستان ڕۆڵ دەبینێت، ئەوە نوێنەرایەتیکردنی دەنگی مرۆڤ دۆستانەی نەتەوەی کوردە، بۆیە ھەوڵ و ماندووبوونەکانی ئەم دەزگایە جێگەی پێزانینە.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ڕایگەیاند، دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی و ھەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی، دۆخێکی ئارامیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ھێناوەتە ئاراوە، ئەو جەختی لە کۆتاییھێنانی یەکجارەکی بە شەڕ و پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ھێرشەکان و ڕێگەگرتن لە ئاوارەبوون کردەوە.
بەرپرسەکەی ئەنەکەسە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە یەکخستنەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا بەرز نرخاند و گوتی، ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەر بووە لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە تا ئێستا.
فەیسەڵ یوسف، ئاماژەی بە قوربانییەکانی گەلی کورد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا کرد و گوتی، پێویستە بە ھەموو شێوەیەک بەرگری لە دەستکەوتەکان بکرێت. ھەروەھا گوتیشی: دەمانەوێت ھەموو کێشەکان بە گفتوگۆ و بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکوومەتی سووریا چارە بکەین و مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری ھەمیشەییدا بچەسپێنرێن.
سەبارەت بە ئامادەیی بۆ گفتوگۆ، فەیسەڵ یوسف دووپاتی کردەوە، ھەر کاتێک حکوومەتی سووریا ئامادە بێت، ئەوان وەک لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئامادەن بە شاندێکی ھاوبەش بچنە دیمەشق، ئامانجمان چارەکردنی کێشەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان، ڕاگرتنی شەڕە.

