رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی دانیشتوانە رەسەنەکان کرد

ئەمڕۆ سێشەمە 2026.1.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە خاتوو دی کوک، بەرێوەبەری رێکخراوی ( دانیشتوانە رەسەنەکان ) و شاندێكی یاوەری كرد، کە رێکخراوێکی نێودەولەتی فریاگوزاریە و لە چەندین وڵات نوسینگەیان هەیە و هاوکاری پێشكەشی منداڵان و ئاوارەکان دەکەن.

لە دیداەکەدا، كە هەریەك لە بەرێوەبەری قەیرانەكان و بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی پارێزگا ئامادەی بوون، پارێزگارى هه‌ولێر، وێڕای بەخێرهێنان، كارەكانی ڕابردووی ڕێكخراوی ناوبراوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەرز نرخاندن و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌كاری ئایندەیاندا بۆخواستن، پاشان گفتوگۆ لەباره‌ى ڕەوشی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتیی و پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و یارمەتی و خزمەتکردنی منداڵان و ژنان و ئاوارەکان و پەنابەران و دابینکردنی پێداویستیەکانی کەمپەکان كرا ، بۆ ئەو مەبەستەش هەردولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری نێوانیان كرده‌وه‌.

دواتر پارێزگاری هەولێر، لەبارەی رەوشی کەمپی ئاوارەکان ئاماژەی بەو پێویستیانەدا كە پێویستە پێشکەشیان بکرێت و ڕوونی کردەوە، لە ساڵی 2014 وە، لەو كاتەوە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەر پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا كە تاكو ئێستا ژمارەیەكی زۆریان هێشتاش ماون، حکومەتی عێراقیش لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی و هاوکاریی هەرێم بکات، بە پێچەوانەوە بودجەکەی لێ بڕی و ئەكی قورسكردین، سەرەڕای ئەوەش خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران كرد.

داواشی لە ڕێكخراوی ناوبراو كرد بە هەماهەنگی قەیرانەكانی پارێزگای هەولێر بۆ خزمەتکردنی ئاوارە و پەنابەرانی دانیشتووی کەمپەکان پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت، چونکە لە ئێستادا زۆرینەی ڕێکخراوەکان هاوکارییەکانیان بە ڕێژەیەکی بەرچاوو کەمی کردووەتەوە، هەروەها جەختی لەوەشکردەوە، هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەڵام پێداویستە بارودۆخی گەڕانەوەیان لەبار بێت، سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان نییە و لەگەڵ گەڕانەوەی شکۆمەندانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرانە و فشار لە هیچ یەکێکیان ناکات، بۆ مانەوە یان بۆ ڕۆیشتن.

لەكۆتایدا شاندی میوان، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان كرد بۆ پێشوازییەكە و ئامادەیی خۆشیان بۆ هەموو هەوكاریەك و پاڵپشتیەكی پارێزگای هەولێر نیشاندا.