جێگەی داخە دیسان هاوار و فەرمانە لەسەر كوردان و شەڕی كوردقڕانە؛ دیسان ئەمڕۆ پەلامار و هێرشی دڕندانەیە بۆ سەر ناوچە كوردەوارییەكانی رۆژئاوای كوردستان بە بەرچاوی هێزەكانی هاوپەیمانانەوە، كە جاران بە ئازا و نەبەرد ناویان دەبردن و پێیان وابوو بەرگری لە هەموو مرۆڤایەتی دەكەن و هێرشەكانی داعشیان تێك دەشكاند؛ ئەو كێژۆڵە پێشمەرگە و شەڕڤانانەی مایەی سەربەرزی بوون، ئێستایش هەر بەو گیانفیداییەوە رووبەڕووی هێرش و پەلاماری سوپای بە ناو سووریا و میلیشیا داعشیەكان بوونەتەوە؛ لە هەمبەر ورە پۆڵایینەکەی شەڕڤانان سەرمان بەرزە؛ داستانی كۆبانێ و ناوچەكانی تر شایەتی ئەو ئازایەتی و بەجەرگیەیە.
ئەمە جاری یەكەم نییە چارەنووسی كورد، هەر ماوەماوە ناپاكیمان لێ دەكەن و ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە گەلەكۆمەمان لێ دەكەن و ئەوەی پێیان بكرێ پێمانی دەكەن، بەڵام هەموو جارێك و دوای هەموو تێكشانێک، بەگوڕتر و بەهێزتر دەگەڕێینەوە و هیچ هێزێك نەیتوانیوە بێهیوامان بكات. ئەم كوردستانە لەوەتەی هەیە رووباری خوێنی شەهیدانی دەڕوا و كۆڵی نەداوە.
بەرخودانی ئەمجارەی رۆژئاوا جارێكی دی هاوسۆزی و هاوخەمی لە دڵی هەموو كوردێكی دڵسۆز و بەشەرەفدا گەشاندەوە و بێ جیاوازی لە هزر و ئایدیۆلۆژیا، هەمووان ئەو راستییەیان دووپات كردەوە، كە (كوردستان یەكێكە و نابێ بە چوار). داوا لە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵ دەكەین لە هەموو پارچەكانی كوردستان بۆ پاڵپشتی لە خەڵكی سڤیل و بێگوناهی كوردستان بۆ پارێزگاری لە كوردبوونی خۆمان داوای ئاشتی دەكەین. دەمانەوێ بەشداری لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا بكەین. بەسە هەتكردن و بڕینی كەزیەی كچەشەڕڤان و شێواندنی گۆڕی پیرۆزی شەهیدان. چاكی مەردایەتی لێ هەڵكەن، رۆژ رۆژی مەردانە.
یەكێتیی نووسەرانی كورد وەكو رێكخراوێكی مەدەنی، چ ئەوسا و چ ئێستا لەگەڵ یەكڕیزیی میللەتەكەماندا بووە و هەمیشە دووپاتی دەكەینەوە، هەركورد بووینە و هەر كورد دەبین.
یەكێتیی نووسەرانی كورد

