فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک لە ساڵیادی ئازادکردنی کۆبانێدا ڕایگەیاند، پێشمەرگە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە ڕزگارکردنی ئەو شارەدا هەبووە و ئێستاش سەرۆک بارزانی هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا چڕ کردووەتەوە.
ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، بەبۆنەی 11ـەمین ساڵیادی ئازادکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی تیرۆریستانی داعش، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، ئەفسەر و پێشمەرگەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، لەسەر فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ و گوندەوارەکانی، کە بۆ هاوکاریی هێزە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا بەشدار بوون لە پاراستنی ئەو ناوچانە.
هێزەکانی پشتیوانیی یەک ئاماژەی بە دۆخی ئێستا داوە و ڕایگەیاندووە: “دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ، دیسان دوژمنانی کورد بە هەمان نەفەسی ڕابردوو بەنیازی داگیرکردنی ناوچە کوردنشینەکانن، بەڵام سەرۆک بارزانی بێوچان لەسەر هێڵە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خاک و خەڵکی ڕۆژئاوا پارێزراو بن”.
لە کۆتایی پەیامەکەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان و شەهید (زێرەڤان ئەکرەم) نێردراوە کە لە کۆبانێ شەهید بوو و بووە قەڵغان بۆ پاراستنی خاکی کوردستان.

