رۆژنامەی ھەولێر

هۆشیار زێباری: ڕۆژانی داهاتوو پڕ دەبن لە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو و هەڵبەز و دابەز

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، تائێستا سەرۆکایەتییەکانی عێراق و پێکهێنانی حکوومەت یەکلایینەبوونەتەوە و ئەگەری ڕووداوی چاوەڕواننەکراو هەیە، بۆیەش پێویستە هەوڵەکان بۆ چارەسەری بۆ دوو بەرامبەر زیاد بکرێت.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە كە دیاریکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بە زۆرینەی دەنگی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و دیاریکردنی 27ـی ئەم مانگەش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە سیاسەتی عێراقدا مانای ئەوە نییە قەیرانەکان، دیاریکردنی سەرۆکایەتییەکان و پێکهێنانی حکوومەت یەکلایی بووەتەوە.

زێباری نووسیویەتی: “ڕۆژانی داهاتوو پڕ دەبن لە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو و هەڵبەز و دابەز، هەربۆیە پێویستە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، دوو هێندە زیاد بکرێن.”

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، بڕیارە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە (٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆ ببێتەوە. بەگوێرەی پەیڕەو، دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە بۆ تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی.

بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کە بەپێی نەریتی سیاسیی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە پشکی پێکهاتەی کوردە، ١٩ بەربژێر کێبەرکێ دەکەن، کۆبوونەوەکەش پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران هەیە و بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆی پەرلەمانتاران، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت، ئەم پۆستەش بەگوێرەی عورفی سیاسی دوای ساڵی 2003 پشکی کوردە.