رۆژنامەی ھەولێر

رۆڵی سەرۆك بارزانی هەر چوار پارچەی كوردستانی دڵخۆش كردووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی مافی كورد لە سووریا، هەروەها راگرتنی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئاشتییەكی بەردەوام لە سووریا، كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستان و دیاسپۆرای دڵخۆش كردووە و دەڵێن، لەم كاتەدا ئەوەی بارزانی كردی، بە هیچ سەرۆكێكی تر نەدەكرا.

بارودۆخی سووریا، بەتایبەت پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان و ئەو هەوڵە گەورەیەی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ هێنانەدیی ئاشتی و هەروەها بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان، لە میدیای توركیادا بە گرنگەوە باس دەكرێت و پێیان وایە ئیدی بارزانی نوێنەرایەتیی كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستان دەكات.

سەرۆك بارزانی، بەردەوام لە وتارەكانی پێشووتریدا، گوتوویەتی لە هەر شوێنێك غەدر لە كورد بکرێت قبوڵی ناكات و بە هانایانەوە دەچێت، كاتێك بە هانای رۆژئاوای كوردستان دەچێت و هەوڵی ئاشتی و بەدەستهێنانی مافەكانیان دەدات، سەلمێنەری گوتارەكانیەتی و هەروەها راستگۆییەکەی ئەو نیشان دەدات بەرامبەر بە نەتەوەكەی.

هەوڵی سەرۆك بارزانی هەر لەیەكەم رۆژی شەڕی هەسەدە و سوپای دیمەشق روون بووە، هێنانەدیی ئاشتی بووە و بەرگرتن بووە لە شەڕ، لە هەمان كاتدا ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریای ئاگادار كردووەتەوە، نابێت لە سووریای تازەدا مافی كورد نەدرێت و دەبێت هەموو مافێكی بدرێتێ و خەباتی كورد لەبەر چاو بگیرێت.

میدیاكانی توركیا، پێیان وایە هەوڵی بارزانی بۆ ئاشتی و هەروەها نوێنەرایەتیكردنی كورد پێمان دەڵێت، ئیدی ئەو نوێنەرایەتی هەموو كورد دەكات لە هەرچوار پارچەی كوردستان.

كەمال ئۆكویان، سەرۆكی پارتی كۆمەنیستی توركیا، لە شرۆڤەكانیدا لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و سووریا، باس لە سەرۆك بارزانی دەكات، كە بووەتە نوێنەری هەموو كورد و هەروەها ئاماژەی داوە، ئێستا نەتەوەی كورد زۆر گوێ بە پەیامەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان نادەن، بەڵكوو ئەوەی گرنگە رۆڵی بارزانییە.

باس لەوەش دەكات، بارزانی نەیهێشتووە بۆشاییەك لە نوێنەرایەتیكردنی كورد دروست ببێت لەم رۆژەدا، بۆیە ئەگەر ئۆجەلانیش رۆڵی نەبێت، بەهۆی ئەوەی لە زیندانە، ئێستا بارزانی نوێنەرایەتیی كورد دەكات.

لە سۆسیال میدیا، كوردانی باكوور و رۆژئاوا و باشووری كوردستان، بەگرنگەوە باس لە هەوڵی سەرۆك بارزانی دەكەن، ئەوان دەڵێن رۆڵی بارزانی و هەوڵە دیبلۆماسییەكانی بارزانی بووە وای كردووە بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان نەگاتە بنبەست و ئاگربەست راگەیێندراوە
.
رۆهات محەممەدئۆغڵو، چالاكوان لە باكووری كوردستان، هەوڵی سەرۆك بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت: “كاتێك ئەو بەگڕوتینەوە دێتە مەیدان و بۆ كوردانی رۆژئاوا هەوڵدەدات و سەرۆكەكان لە پبرمام كۆ دەكاتەوە، ئەمە هێزی بەخشییە ئێمە، پێی وتین بڕوانە سەر شەقام و سەرۆك بارزانی پشتگیریتان دەكات. دڵنیام لە هەر چوار پارچەی كوردستان، هەوڵی بارزانی بەرز سەیر دەكرێت و مێژووی نووسییەوە وەكوو سەرۆكێكی نەتەوەیی.”

نووسەرانی باكووری كوردستان، پێشتر كاتێك هەواڵێك یان پەیامێكی سەرۆك بارزانیان بڵاودەكردەوە، دەیانگوت بەڕێز مەسعوود بارزانی، بەڵام دوای ئەوەی زانییان رۆڵی سەرۆك بارزانی چەند گرنگ بووە لەبارەی پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بۆیە وەكوو سەرۆك ناوی دەبەن و بە كەسایەتییەكی گرنگ و خەمخۆری كورد ناوی دەهێنن.

هەموو بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، لەم كاتەدا بارزانی سەلماندوویەتی سەركردەیەكی نەتەوەییە و لە هەر شوێنێك پەلاماری كورد بدرێت ئەو لەوێیە و بەرگری دەكات، بەتایبەت لەكاتی پەلاماردانی دو گەڕەكی كورد لە حەلەب، زۆر بەپەلەیی و هەوڵێكی جیدییەوە لەخەمی كوردانی رۆژئاوا بوو و بە هەوڵە دیبلۆماسییەكانی توانی هاوكێشەكە بگۆڕێت.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەسەدە، سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد و گوتی وەكوو شاخێك لە پشتمانەوە بووە، هەروەها چەند جارێك مەزڵووم عەبدی، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەسەدەش سوپاسی بارزانی كرد.

ساڵح موسلم، كەسایەتی دیاری رۆژئاوای كوردستان و هاوسەرۆكی پێشووتری یەپەگە، دەڵێت ئەو هەوڵانەی سەرۆك بارزانی گڕوتینی گەورەی بە كورد بەخشیوە.

هەموو ئەمانە نیشانی دەدات، رۆڵی سەرۆك بارزانی گرنگییەكی بێوێنە و مێژوویی هەبووە، بووەتە پشت و پەنای رۆژئاوای كوردستان و ئەگەر ئەو نەبایە، ئێستا رەوشی رۆژئاوای كوردستان، لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە زۆر خراپ دەبوو، بۆیە كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان، بەشانازییەوە دەڵێن ”سەرۆك بارزانی“.

هونەرمەندانی باكوور و رۆژئاوای كوردستان، لە رێگەی سۆسیال میدیاوە پەیام بۆ سەرۆك بارزانی دەنێرن و پێی دەڵێن، سەرۆك رۆڵی گەورەت هەبووە لە رۆژئاوای كوردستان و هەوڵەكانی تۆ گڕوتینمان پێدەبەخشێت.

هەریەك لە جوان حاج، شتان پەروەر، هۆزان دینۆ و چەندانی تر، دڵخۆشم لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و دەڵێن بوونی ئەو لەم كاتەدا قورساییەكی گەورەبوو بۆ كورد و هەروەها بۆ بەدیهێنانی مافی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.