رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەت دانیشتوانی زاخۆی لە مەترسی لافاو ئەرخەیان کردووە

چواس خالید – هەولێر

بە تێچووی زیادتر لە سەد ملیار دیناری عێراقی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دانان و ڕۆنانی ئاوەڕۆ بۆ شوێنە پێویستەکانی شاری زاخۆ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دانیشتوانی شاری زاخۆی لە مەترسی دروستبوونی لافاو ئەرخەیان کردووە.

ساڵانێک بوو وەرزەکانی پایز و زستان ببووە مۆتەکەیەک و بەرۆکی دانیشتوانی زاخۆی بەرنەدەدا، لەو وەرزانەدا کە ساردییەکی باراناویییە، بۆ زۆرێک دانیشتوانی ئەو شارە مەترسیی لافاو دروست دەبوو، ئاخر بارانبارینی نەک ھەر بەلێزمە و تەرزە، بەڵکو بارینی مامناوەندی بەردەوامیش تاڵی و زیانی تەڕبوون و خراپبوونی کاڵای بە قورگی زۆرێکیاندا کردووە.
شاری زاخۆ کە سی و پێنج کیلۆمەتر لە باکوری خۆرئاوای پارێزگای دھۆک ھەڵکەوتووە و مەوداکەی لەگەڵ دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل تەنیا دە کیلۆمەترە، جۆگەی خاپور بەناوەڕاستی شاری زاخۆدا تێدەپەڕێت، ساڵانە لە وەرزەکانی باران لە زۆرێک شوێن ئاوی باراناو کۆدەبوویەوە و بەرزدەبوەوە نێو ماڵ و دووکان و کۆگاکان، دانیشتوانی زاخۆ پایز و زستانانیان بە دڵەڕاوکێ و ترسی دروسبوونی لافاو بەڕێ دەکرد، کە ساڵانە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و موڵکی ھاووڵاتیان دەکەوت، تا دواجار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆ بۆ شارەکە، بە گوژمەی زیادتر لە سەد ملیار دینار، دانیشتونی شاری ئەرخەیانکرد.
دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دروستکردن و ڕۆنانی ئاوەڕۆی سندوقی لە شوێنە پێویستییەکانی شاری زاخۆ، کارکردن لە دروستکردنی بۆکس و ئاوەڕۆی سندوقی لە شاری زاخۆ دەستیپێکرد، کە تا ئێستا توانراوە زیادتر لە حەفتا و شەش کیلۆمەتر ئاوەڕۆ لە شاری زاخۆ دروست بکرێت.
ھاوکات ئێستاش کار لە ڕۆنان و دروستکردنی ئاوەڕۆی سندوقی لە چەند گەڕەکی دیکەی شاری زاخۆ دەکرێت، کە مەوداکەی بیست و شەش کیلۆمەترە.
بڕیاری چارەسەرکردنی گرفتی کۆبوونەوەی باراناو و مەترسییەکانی لافاو، بە پڕۆژەی ڕۆنانی ئاوەڕۆی سندوقی لە شوێنە پێویستەکانی شاری زاخۆ، بە ڕێژەی ١٠٠% گرفتی کۆبوونەوەی ئاو و لافاو لە سەنتەری شاری زاخۆ چارەسەرکراوە.
پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕۆنان و دروستکردنی ئاوەڕۆی سندوقی لە شاری زاخۆ، بە تێچووی زیادتر لە سەد ملیار دیناری عێراقی جێبەجێکراوە. پڕۆژەکە کە یەکێکە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستییەکانی شاری زاخۆ، ماوەی چوار ساڵە بە بەردەوامی کاریتێدا دەکرێت و بە کوالێتی بەرز و بە شێوازی پێشکەوتوو جێبەجێکراوە.
لەگەڵ ئەوەی ھێشتا حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە بیانووی جۆراوجۆر مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوەتی و وەک پێویست نادا، بەڵام بە نیوەی داھاتی ناخۆ توانراوە پڕۆژە پێویستییە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکرێت و ڕۆنانی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە.