ئەمرۆ یەكشەممە 2026.1.25، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و ژمارەیەكی تر لە ڕاگر و مامۆستایان و قوتابیان، دیدارێك لە بارەی (( شیکردنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان )) لە لایەن بەشی ئامار و زانیارییەکانی کۆلێژی بەرێوەبردن و ئابووری بە هەماهەنگی رێکخراوی ستات لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سڵاحەددین بەڕێوەچوو.
تێیدا چەند توێژینەوەیەكی زانستی لەلایەن مامۆستایان و شارەزایان سەبارەت بە شیكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوان پێشكەش كرا و تیشك خرایەسەر قۆناغەکانی سەرژمێری، بە پێی ئەو داتا فەرمییانەی کە لە دەزگای ئامار بڵاو کراوەتەوە، ئامانج لەو دیدارەش خستنەڕوویی زانستیانەی و وردی پڕۆسەكە بوو کە لە عێراقدا بەشێوەیەكی گشتی ئەنجامدراوە.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و رێكخەرانی دیدارەكە، ئەو هەنگاوەی بەگرنگ وەسفكرد و ئومیدی خواست ئەو دیدارە، ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر پێشخستن و دەرفەت ڕخساندنی پتر بە ئاڕستەی باشتركردنی پلانە خزمەتگوزارییەكان بە بوونی داتای ڕاست و ورد و دروستی زانستی باوەڕپێكراو.

