ڕائیب جادر – هەولێر
سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان بەوەرچەرخانێکی گرنگ پێناسە دەکرێت و وەکو کەسایەتییەکی کاریگەر ڕۆڵێکی گەورەی بۆ بەدیھێنانی ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێت. چاودێران، دەڵێن، پێگەی کاریزمایی سەرۆک بارزانی و پەیامە ئاشتیخوازانەکەی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئێستا و دۆزینەوەی چارە بۆ ئاڵۆزییەکان دەبێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی نێودەوڵەتییە و وڵاتانی جیھان متمانەیان پێی ھەیە، چونکە توانیویەتی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بپارێزێت. ئەندامێکی شاندی یاوەری سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان، دەڵێت: سەرۆک بارزانی وەکو سەرۆکی نەتەوە و نیشتمانێک سەردانی پاپای کرد، دەستەڵاتدارانی ڤاتیکان و ئیتاڵیا وەکو پیاوی ئاشتی تەماشای سەرۆک بارزانی دەکەن.
ھەرێمی کوردستان ناوەندی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئایینەکانە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان لەلایەن قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم پێشوازیی لێکرا. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی لە دیدارەکەدا قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم بەخێرھاتنێکی گەرمی سەرۆک بارزانی کرد و ھەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداری نێوانیان دەربڕی وەک دەرفەتێک بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیھان.
ئاماژە بەوەش کراوە، ھەر لەو دیدارەدا ھەردوولا ھیوای ئەوەیان خواست کە ئاشتی و سەقامگیری لە جیھاندا باڵادەست بێت و کۆتایی بە ئازار و نەھەماتیی گەلان بھێندرێت. لەدوای کۆبوونەوەکە قەداسەتی پاپا لویسی چواردەیەم و سەرۆک بارزانی دیارییان پێشکەشی یەکتر کرد.
لەسەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی چەندین دیداری سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا ئەنجامدا، باس لە پەیوەندیەکانی نێوان کوردستان و ئیتاڵیا کرا، ھەروەھا گۆڕانکاریەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و ھێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژی و کوژرانی خوشک و برا کوردەکان و کۆکردنەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بابەتێکی تری ناو کۆبوونەوەکان بوون.
ھەروەھا دەستپێکردنەوەی پەیوەندی تازە لەگەڵ پاپای نوێ و ناساندی ھەرێم کەناوەندی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئایینەکانە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، بەشێوازێک کریستیان و مسوڵمانان و ئێزدی و ئایینەکانی تر پێکەوە بەئاشتی دەژین لە کوردستان و دروستکردنی ڕێچکەی نوێی کۆکردنەوەی زیاتری پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کورد ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بوو، جگە لە پاپا، بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیاش بە ھەمان شێوە پشتیوانی لەو نموونە جوانەی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکەن کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و بە چاوی ڕێزەوە لە پاراستنی مافی پێکھاتەکان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەڕوانن.
سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی جیهانیی هەیە
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانیی لە عێراق و جیھان، تیشکی خستەسەر گرنگی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم، گوتی: سەرۆک بارزانی وەک کەسایەتییەکی سەرکردە، تەنیا لە چوارچێوەی عێراقدا قەتیس نەبووە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیھانیش کاریزمایە و ئەزموونێکی مێژوویی پڕ بایەخە، ھەر بۆیە بە یەکێک لە کەسایەتییە دەگمەنەکانی جیھان دادەنرێت، ئەم سەردانە بێگومان کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئێستامان دەبێت و ھەر لە ئێستاوە کاردانەوە ئەرێنییەکانی ئەم سەردانە بەدەرکەوتوون.
کاردیناڵ ساکۆ، ستایشی ھەرێمی کوردستانی کرد و وەک نموونەیەکی باڵای پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا و گوتی: حکوومەتی ھەرێم سەلماندوویەتی کە ھەموو پێکھاتەکان دەتوانن بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتردا بژین، ئەو پێشکەوتن و سەقامگیرییەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەزموونێکی دەگمەنە و شایستەی ئەوەیە ھەموو لایەک چاوی لێ بکەن و سوودی لێ وەربگرن.
دەشڵێ: لەبەر ئەوەیە ڤاتیکان گرنگی بە ھەرێمی کوردستان دەدات، چونکە نموونەیەکی پێکەوەژیانە لە ناوچەکەدا ھەرێمی کوردستان توانیویەتی ئەوە بسەلمێنێت، ھەموو پێکھاتەکان دەتوانن بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ یەکدی بژین، حکوومەتی ھەرێم توانیویەتی ئەو پێکەوەژیانە بپارێزێت، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ھەستمان بەو ئەزموونە کردووە لە مامەڵەی حکوومەت، لە مامەڵەی لایەنەکان لەگەڵ پێکھاتەکان ھەروەھا ئەو پێشکەوتنەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەبووە ئەزموونێکی زۆر دەگمەنە و دەکرێت لایەنەکانی دیکە سوودی لێ وەربگرن.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان مێژووییە
سامی ئوشانە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، سەرۆک بارزانی نەک تەنیا لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو لە جیھاندا کەسایەتیکی دیار و ناسراوە، وڵاتانی جیھان متمانەی زۆریان بە سەرۆک بارزانی ھەیە، چونکە توانیویەتی بەبێ جیاوازی بیروباوەڕ و ئایین و نەتەوە پارێزگاری لە پێکەوەژیان بکات، بانگھێشتکردنی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان ئاماژەیە بۆ متمانەکردنی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی پێکەوەژیان، لە سەردانەکەیدا بۆ ڤاتیکان سەرۆک بارزانی جەختی لە پاراستنی مافەمانی مرۆڤ کردۆتەوە، بەتایبەت پێکھاتەی کورد لە سووریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان مێژووییە، بە تایبەت لەم کاتەدا کە ڕۆژئاوای کوردستان بە بارودۆخێکی ناخۆشدا تێدەپەڕێت، بۆیە دەکرێت ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی ببێتە ھۆکارێکی گرنگ بۆ کۆتایی ھێنان بەو ئاڵۆزییانەی کە لە ناوچەکە ھەیە.
سامی ئوشانە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە، ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی گرنگی زۆری ھەیە بۆ کریستیانەکانی ھەرێمی کوردستان، چونکە دڵنیایی و ئارامی زیاتر بە خەڵکی کریستیان دەبەخشێت لەوەی کە لە ھەرێمێک دەژین تەواوی مافە ئایینی و نەتەوەییەکانیان پارێزراوە، بۆیە لە کاتی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی کریستیان نشینەکانی عێراق بە تایبەت دەشتی نەینەوا، کریستیانەکان بۆ پاراستنی سەروماڵیان ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ھەرێمی کوردستان سەرۆکێکی ھەیە باوەڕی بە پێکەوەژیان ھەیە، ھەروەھا جەختکردنەوەیە لە پاراستن و گرنگیدان بە بابەتی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان.
جیھان وەکو سەرکردەی ئاشتی لە سەرۆک بارزانی دەڕوانێت
ئانۆ جەوھەر، ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پێشوازی قەداسەتی پاپا بۆ سەرۆک بارزانی پێشوازییەکی گەرم بوو، وەکو سەرکردەیەکی ئاشتی تەماشای سەرۆک بارزانی دەکەن، پشتگیری خۆیان بۆ ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەربڕی کە ھەمیشە ئاشتی و گفتوگۆ سەقامگیری بەرجەستە بێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان و دیداری لەگەڵ قەداسەتی پاپا ڕۆژێکی مێژووی بوو، سەرۆک بارزانی وەکو سەرۆکی نەتەوە و نیشتمانێک دیدارێکی تایبەتی ھەبوو لەگەڵ پاپا، لە دیدارەکەدا باسیان لە بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە و ڕۆژئاوای کوردستان کرد، باسیان لە ئەو پەیوەندییە مێژووە کرد کە لە نێوان کوردستان و ڤاتیکان ھەیە، ھەروەھا باسی قوربانیدانی پێشمەرگە کرا بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانەی کە ئێستا لە کوردستان ھەیە.
گوتیشی: سەرۆک بارزانی لە ھەموو دیدارەکانیدا جەختی لەوە دەکردەوە پێویستە کێشەکان بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و ڕێگە نەدرێت لەسەر بنەمای ئایینی و تایفی و نەتەوەیی شەڕ دروست بێت، بۆیە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئاشتی و گفتوگۆ و بەکارھێنانی ئامرازی دیموکراسی بۆ چارەسەری کێشەکان، باشترین بژاردەیە، بۆ ئەوەی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکرێن، بۆیە پێشوازیی پاپای ڤاتیکان لە سەرۆک بارزانی، زۆر گەرم بوو و سەردانێکی زۆر مێژوویی بوو، ھەروەھا پێشوازیی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش زۆر پێشوازییەکی گەرم و دۆستانە بوو و باسیان لەوە کرد، کە وەکو کەسایەتییەکی ئاشتیخواز تەماشای سەرۆک بارزانی دەکەن، بۆیە چاوەڕێی ئەوە لە سەرۆک بارزانی دەکەن وەکو سەرکردەیەک ڕەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ھێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری نەک تەنیا لە کوردستان و عێراق، بەڵکو لە ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبێت، بۆیە پشتگیریی خۆیان بۆ ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە، کە ئاشتی و گفتوگۆ بەرجەستە بێت لە عێراق و کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی.
ناوبراو دەشڵێت، دیارییەکانی سەرۆک بارزانی پێشکەشی پاپای ڤاتیکان کرا، کە یەکێک لەوانە سیمبولی ئایینی مەسیحی و ئیسلام و زەردەشتی و ژمارەیەک ئایینی دیکە بوو کە لە کوردستان دەژین لەگەڵ ئەلبوومێک، کە باسی جوانیی پێکەوەژیانی کوردستانی دەکرد و یەکێک لە وێنەکان بارزانیی نەمر لەگەڵ قەشەیەک بەناوی یوسف کە کلدانی بوو و وێنەیەکی ئیدریسی جوانەمەرگ لەگەڵ مەترانێک بوو و ھەروەھا وێنەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ پاپایەکانی پێشوو و سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پێشمەرگەکان لە کاتی شەڕی داعش و گەڕاندنەوەی خاچ بۆ کڵێسا و وێنەی سەرۆک بارزانی کاتێک لە باشیک لەگەڵ نوێنەرانی گشت ئایینەکان کۆبووەوە، پاپای فاتیکانیش مەدالیایەکی تایبەتی پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد و ئەلبوومێکیش لەبارەی مێژووی فاتیکان پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرا، بۆیە سەردانێکی زۆر مێژوویی و زۆریش گرنگ بوو.

