ئەمڕۆ شەممە 2026.1.24، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی تر لە نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان و بەرپرسانی دیکە، ڕێورەسمێکی تایبەت بە بۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو.
لەو ڕێورەسمەدا، گرنگی مێژوویی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و کاریگەرییە نیشتیمانییەکانی خرانەڕوو و جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی بەها نیشتیمانییەکان، یەکگرتوویی گەلی کورد و بەردەوامبوونی خەبات بۆ ماف و ئازادییەکان کرایەوە.
جێگەی باسە، کۆماری کوردستان کە تەمەنی تەنیا 11 مانگ بوو لە 22ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1946، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد، بە بەشداریی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قازی محەممەد ڕاگەیەندرا، دامەزراندنی کۆماری مهاباد، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی گەلی کورد و هیوای گەورەی لە لای هەموو کوردستانیان دروست کرد. یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی کۆماری کوردستان، بارزانییەکان بوون بە بەڕێبەرایەتیی شێخ ئەحمەدی بارزانی، کاتێک بەشدارییان لە کۆماری کوردستان کرد، بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر، بەرگریی هێزی پێشمەرگەی پێكهاتوو لە بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان، بە شێوەیەک کە یەکەم شەهیدی کۆماری کوردستانیش پێشمەرگەیەکی خەڵکی باشووری کوردستان بوو، هەر بەم هۆیەش بوو کە قازی محەممەد لە پاش رووخانی کۆماری کوردستان ئالای پیرۆزی کوردستانی بە بارزانیی نەمر سپارد و بارزانیی نەمر، وەک فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی کۆمار، ڕۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی ئاسایش و بەهێزکردنی بنچینەی سەربازیی کۆمار هەبوو، بە ئەزموونی خەباتی خۆی و پشتیوانی شۆڕشگێڕان، هێزی پێشمەرگە ڕێکخست و بوو بە هێمای یەکگرتوو و خۆڕاگری.

