رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگارى هەولێر، سەردانى کەمپینى ” هەولێر ” بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوكاری و یارمەتیدانی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان کرد

ئەمرۆ پێنجشەممە 2026.1.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى فەلاح حەسەن، بەرپرسی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومیەكان و هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شاروانی هەولێر و سەرۆكی ژووری بازرگانی، سەرۆكانی لقی هەولێری یەكێتی هاوردە و ناردنكاران و یەكێتی بەڵێندەران و بەڕێوەبەری كاروباری ناوخۆی پارێزگا و نوێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و قەیرانەكانی پارێزگا، لە بەردەم پارکى شانەدەر، سەردانى کەمپینى ” هەولێر ” بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوكاری و یارمەتیدانی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان كرد، كە بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ سەرناوچەكانیان، هەزاران هاوڵاتی كورد ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکاری خێرا هەیە.

وێڕاى دەستخۆشى لەخۆبەخشانى کەمپینەکە، تەئکیدى لەوەکردەوە ئەم کەمپینە ڕاگەیندراوە بۆ بە هانەوەچوونى لێقەوماوان و هاوكاری و یارمەتیدانی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستانە، وەکو خەڵکی هەولێر کە هەمیشە بەخشندە و میهرەبانن، لە ڕێگەى ئەم کە مپینەنەوە ئومێد دەکەین زۆرترین هاوکارى و کۆمەک کۆبکرێتەوە”.

جێگەى باسە، لەكۆبوونەوەی دوێنێ دیوانی پارێزگا بەسەرپەرشتی پارێزگارى هەولێر، کەمپینى ” هەولێر ” بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوكاری و یارمەتیدانی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان بۆ هەموو ئەو کەس و لایەن و گروپ و خێرخوازانەى کە دەیانەوێت دەستى یارمەتى هاوكاری بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان درێژبكەن ڕاگەیندرا، كە بەهۆی ئەو شەڕ و ماڵوێرانیەی بەرۆكی گرتوون و لەسەر زێدی خۆیان دەربەدەر كراون.