رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی بڵاو دەكاتەوە

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بەشێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆك بارزانی بڵاوكردەوە، كە خۆی لە بەردەوامی هاوكاری و هەماهەنگییەكان لەنێوان ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستان و بارودۆخی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی داعش دەبینێتەوە.

لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ رۆما و ڤاتیكان، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەبارەی كۆبوونەكەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) رایگەیاند “دیدارێكی زۆر ئەرێنی بوو”.

ئەنتۆنیۆ تایانی هەروەها ناوەڕۆكی بەشێك لە كۆبوونەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند “لەگەڵ سەرۆك بارزانی هاوڕابووین لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەكان كە ئێستا زیاتر لە 400 سەربازی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ناوچەكە جێگیركراون”.

لەبارەی دۆخی سووریاش، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی “لەگەڵ سەرۆك بارزانی جەختمان لە گرنگی سەقامگیری سووریا كردەوە، ڕوونیشمان كردەوە كە ئیتاڵیا پشتیوانی لە گواستنەوەی ئاشتیانەی سیاسی بە بەشداری سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی سووریا دەكات”.

ئەنتۆنیۆ تایانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە كۆتاییدا پۆستەكەیدا هەروەها نووسیویەتی “لەگەڵ سەرۆك بارزانی جەختمان لە بەشداریكردنی كارای گەلی كورد لە سووریای نوێدا كردەوە”.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك بارزانی لە ڤاتیكان لەگەڵ پایا لیۆی چواردەیەم پاپای ڤاتیكان كۆوببووەوە، لە رۆماش لەگەڵ ژمارەیەكی دیكەی بەرپرسانی ئیتاڵیا كۆببووەوە.