رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی لە داڤۆس پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چاودێران و ئابووریناسان، دەڵێن، بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و شاندی یاوەری، لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، نیشانەی گرنگیی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستانە لە کایە نێودەوڵەتییەکاندا. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، داڤۆس دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ناساندنی ئەو پێشکەوتنانە و ھاندانی وەبەرھێنەرانی زیاتر بۆ ئەوەی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.

ڕۆژی دووشەممە بە بەشداری زیاتر لە ھەزار سەرۆک، سەرکردە و بەرپرسی وڵاتان، ٥٦ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس بەڕێوەچوو و تا ڕۆژی ھەینی، ٢٣ـی ئەم مانگە، بەردەوام دەبێت، بەشداربووان، پێشنیار و چارەسەری خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە ھەنووکەییەکان دەخەنەڕوو، جگە لەوەی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، دەیان ڕێککەوتنی ئابووری و ئاسایشی لە نێوان حکوومەت و کۆمپانیاکاندا واژۆ دەکرێت. سەرۆک وەزیران، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، ئاماژەی بە گرنگی کۆڕبەندی داڤۆس کرد وەک یەکێک لە گرنگترین سەکۆ جیھانییەکان کە تێیدا بڕیاربەدەستانی سیاسی و سەرکردە ئابوورییەکان کۆدەبنەوە.
ھاوکات سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە، ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر ئاڵنگاری و دەرفەتەکان، ھەروەھا سەکۆیەکە بۆ ئێمەی کورد تا بەشدار بین لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەسەر ھەردوو ئاستی سیاسی و ئابووری، ھیوای خواست لەڕێگەی دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردە جیھانییەکان، بتوانن “وێنەی ڕاستەقینەی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان بۆ جیھان ڕوون بکەنەوە، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

سەرۆکوەزیران زیاتر لە ٢٠ دیداری دەبێت
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا زیاتر لە ٢٠ دیداری گرنگ لە ئاستە باڵاکان و لەگەڵ چەندین کۆمپانیای گەورەی وەبەرھێنانی جیھانی لە یەک کات و شوێندا ئەنجام دەدات، لە دیدارەکانیش تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان لەڕووی ژینگە، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و سەقامگیرییەوە، ژینگەیەکی لەبار و کراوەیە بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرھێنانی بیانی، چونکە ھەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا، سەرەڕای ھەموو ئالنگارییەکان، توانیویەتی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات بەردەوام بکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی خێراکردنی پرۆسەی بڕیاردان و جێبەجێکردنی کارەکان.

ماڵی کوردستان لە داڤۆس
لە چوارچێوەی ٥٦ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە داڤۆسی سویسرا، “ماڵی کوردستان” بۆ جارێکی دیکە دەرگاکانی بەڕووی بەشداربووان و میوانانی کۆڕبەندەکەدا کردەوە. ئەم دەستپێشخەرییە کە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بە ئامانجی پتەوکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستانە لە نەخشەی ئابووریی جیھانیدا.

ماڵی کوردستان، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر دەستی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرا، بووەتە پلاتفۆڕمێکی نێودەوڵەتیی کارا بۆ نمایشکردنی تواناکانی ھەرێم و عێراق.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ماڵە، کردنەوەی دەروازەیەکە بۆ پیشاندانی پۆتانسییەلی ھەرێم وەک ناوەندێک بۆ وەبەرھێنان و داھێنان، ھەروەھا پەرەپێدانی دەرفەتەکان بۆ ھاوبەشیی جیھانی و گەشەی ئابووری، لە ماڵی کوردستان، جیا لە دیداری لوتکە و باڵا، چەند پانێلێکی تایبەت بە دەرفەتەکانی وەبەرھێنان و ناساندنی ھەرێمی کوردستان پێشکەش دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەمساڵیش ماڵی کوردستان ببێتە مینبەری چەندین گرێبەستی تایبەت بە ڕاکێشانی وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەدوای کردنەوەی ماڵی کوردستان، لەڕێگەی پەیامێکەوە لە ھەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، خۆشحاڵیی خۆی بە کردنەوەی ئەم ناوەندە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە لەوەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرھێنان، ئەنجامدانی گفتوگۆی بونیاتنەر و دروستکردنی ھاوبەشیی نوێ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
ئەم پەیامەی سەرۆکوەزیران نیشانەی ڕوونی ستراتیژیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ کرانەوەی زیاتر بەڕووی جیھاندا و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی.
سەرۆکی حکوومەت ئەو پەیامە بەڕوونی بە جیهان دەگەیەنێت
زەکی شەھاب، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بەشداریی ئەو کۆڕبەندە جیھانییە دەکات ئێستا کە ماڵی کوردستان لە داڤۆس کراوەتەوە، وەک پێگەیەکی کارا بۆ ناساندنی کار و چالاکییە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵ دەبینێت، بۆیە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، ھەلێکی گەورەیە بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم پەیوەندییەکانی خۆی لە بوارە جیاکاندا لەگەڵ وڵاتانی جیھاندا زیاتر پەرە پێ بدات و پەیوەندیی نوێ دروست بکات، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردە جیھانییەکان بەشدارن تێدا.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: ھەنگاوە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێم لە ماوەی ڕابردووەدا وەک بە دیجیتاڵکردنی کەرتەکان، پڕۆژەی ڕووناکی، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری، متمانەی وەبەرھێنەرانی بیانیی بەرانبەر ھەرێم زیاتر کردووە، دیارە متمانەش کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەرھەمھێنان.
د. نەسرین خەلیل، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کوردستان شوێنێکی ئارام و لەبارە بۆ وەبەرھێنان، دەتوانێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جیھان بۆ وەبەرھێنان لە کوردستان ڕابکێشێت، بۆیە کۆڕبەندی داڤۆس ھاوکار دەبێت کە کۆمپانیا جیھانییەکان زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس ئەو پەیامە بە ڕوونی بە وڵاتانی جیھان دەگەیەنێت، چونکە لە کۆبوونەوەکاندا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیاسەت و ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان و گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی پرسە ھەرێمی و جیھانییەکان تاوتوێ دەکرێن، ئەوەش گرنگیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان دەردەخات.

سەرۆک وەزیران خۆی چاودێری جێبەجێکردنی بڕیار و لێکگەیشتنەکان دەکات
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومی و وەبەرھێنان، بەشداری لە کۆڕبەندی جیھانیی ئابووریی داڤۆسی کردووە.
دکتۆر محەممەد شوکری، ئاماژەی بەوە کرد، شاندی ئەمساڵی ھەرێمی کوردستان بۆ داڤۆس جیاواز و فراوانترە، بە شێوەیەک ٢٠ وەبەرھێنەری کەرتی تایبەت ھاوشانی سەرۆک وەزیران لە کۆڕبەندەکەدا ئامادەن، ئەم ھەنگاوەش لە چوارچێوەی ستراتیژیی سەرۆک وەزیراندایە کە لە ھەر گەشت و دیدارێکی نێودەوڵەتیدا، شاندێکی بازرگانی و وەبەرھێنان یاوەری بن بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، جەختی کردەوە، ئەم بەشدارییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە چەندان کۆبوونەوەی گرنگی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێوان سەرۆک وەزیران و سەرکردە باڵاکانی جیھاندا ئەنجام دەدات، سەرۆک وەزیران خۆی ڕاستەوخۆ لە داڤۆس چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیار و لێکگەیشتنەکان دەکات.

ڕێژەی مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان ٤٠٠% زیادی کردووە
پەیوەست بە پشتگیریی حکوومەت لە کەرتی تایبەت، دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیرییەکی زۆری کەرتی تایبەت دەکات، بۆ ئەوەی کاریگەر بێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە ھەرێمی کوردستان، لە دوو ساڵی ڕابردووشدا پرۆسەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان یەکجار زۆر گەشەی کردووە و ڕێژەی مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان لە ھەرێمی کوردستان بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٤٠٠% زیادی کردووە، ئەمەش بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو ئاسانکاریانەی بۆ وەبەرھێنەران کراوە ھاتووەتە کایەوە، تا بتوانن بەشداری ڕاستەقینە بن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا، کە لە ساڵی ڕابردوودا ٢١٠ مۆڵەت لە ھەرێمی کوردستان دراوە و لە کابینەی نۆیەمدا زۆر زیادی کردووە، بۆیە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەکەین بۆ بەشداریپێکردنی وەبەرھێنەران لە کۆڕبەندی داڤوس، کە ساڵ بەساڵ ژمارەی وەبەرھێنەری بەشدار زیاتر دەبێت.
ئەوەشی گوت: ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان چەندین کارگە دەکرێنەوە و ناوچەی یپیشەسازی دروست دەکرێن، کە ئەمساڵ یەکەم کارگە لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دروستکردنی پلێتی ئاسن لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە بواری پیشەسازیدا.