دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، “ماڵی کوردستان”ـی لە داڤۆس کردەوە.
سەرۆک وەزیران، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوەی شاندی هەرێم دەربڕی و ڕایگەیاند: ماڵی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبێتە ناوەندێک بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و دروستکردنی پەیوەندیی ستراتیژی.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگی کۆڕبەندی داڤۆس کرد وەک یەکێک لە گرنگترین سەکۆ جیهانییەکان کە تێیدا بڕیاربەدەستانی سیاسی و سەرکردە ئابوورییەکان کۆدەبنەوە.
هاوکات ڕوونی کردەوە، “ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر ئاڵنگاری و دەرفەتەکان، هەروەها سەکۆیەکە بۆ ئێمەی کورد تا بەشدار بین لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و ئابووری.”
مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی شاندی بازرگانی و کەرتی تایبەتی هەرێم و ڕایگەیاند، ئەم بەشدارییە دەرفەت دەدات بە وەبەرهێنەرانی کورد کە لە نزیکەوە لەگەڵ هاوتا جیهانییەکانیان گفتوگۆ بکەن و پردی پەیوەندی دروست بکەن، بە ئامانجی “کردنەوەی دەرگای زیاتر بۆ کوردستان بە ڕووی وەبەرهێنەرانی جیهانیدا.”
سەرۆک وەزیران سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بازرگانان و سپۆنسەرانی “ماڵی کوردستان” کرد کە ڕۆڵیان لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەدا هەبووە.
مەسرور بارزانی بە گەشبینییەوە ئاماژەی بە فراوانبوونی قەبارەی شاندی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ ژمارەی بەشداربووانمان زۆرە، ئەمەش نیشانەی گەشەسەندنە؛ ڕەنگە بۆ ساڵی داهاتوو پێویستمان بە شوێنێکی گەورەتر بێت بۆ ئەوەی بتوانین هەمووان لەخۆ بگرین.”
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی باسی لە ئامانجە باڵاکانی ئەم بەشدارییە کرد و هیوای خواست لە ڕێگەی دیدارەکانی چەند ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان، بتوانن “وێنەی ڕاستەقینەی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ جیهان ڕوون بکەنەوە، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

