رۆژنامەی ھەولێر

ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٤ هەزار تۆن کەلوپەل لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل گەڕێندراونەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ئاشکرای کرد لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بە هەزاران تۆن کەلوپەل و کەرەستەی جۆراوجۆر بەهۆی دەرنەچوون لە پشکنینەکان و نەگونجانیان لەگەڵ ڕێنماییەکان، ڕەت کراونەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ڕێکەوتی 1ـی 1ـی 2025 تاوەکو 31ـی 12ـی 2025، بڕی 14 هەزار و 174 تۆن کەرەستەی جۆراوجۆر لەلایەن تاقیگە و لیژنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکەوە پەسەند نەکراون، چونکە لەگەڵ ڕێنمایی و ستانداردەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەگونجاون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردووەتەوە کە زۆرینەی ئەو کەلوپەلانە بۆ وڵاتی سەرچاوە گەڕێندراونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان بەپێی ڕێکارە یاساییەکان لەنێوبراون. ئەم ڕێوشوێنانەش لەپێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراک و تەندروستیی هاووڵاتییان و ڕێگریکردنە لە هاتنەناوەوەی کاڵای نەشیاو.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، ستایش و دەستخۆشیی ئاراستەی سەرجەم ستاف و فەرمانبەرانی دەروازەکە کردووە، کە بە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانیان لە جێبەجێکردنی یاسا و پشکنینی وردی کاڵاکان بەجێ گەیاندووە.