رۆژنامەی ھەولێر

زانکۆی زاخۆ زیاتر لە هەزار لێکۆڵینەوەی زانستی ئامادە کردووە

بە پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زانکۆی زاخۆ بە ئەنجامدانی زیاتر لە ھەزار لێکۆڵینەوەی زانستی توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و پلەی دووەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بھێنێت، زانکۆی زاخۆ لە ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە ھەشت کۆلێژ و ٣٠ بەشی زانستی لە خۆ دەگرێت و ٩١٠٠ قوتابی لە زانکۆکە دەخوێنن، دواتر وەکو سامانی مرۆیی سوودی لێ وەردەگیرێت.

زانکۆی زاخۆ بە مەرج یاداشتی لێک تێگەیشتن لەگەڵ پەیمانگە و زانکۆکانی جیھان ئەنجام دەدات، ئەویش ئەوەیە ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا ئەو پەیمانگە و زانکۆیانە ھیچ چالاکییەک ئەنجام نەدەن، ئەو یاداشتنامەیە ھەڵدەوەشێتەوە.
زانکۆی زاخۆ لە ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە و لە ئێستادا خاوەنی ھەشت کۆلێژ و ٣٠ بەشی زانستییە، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ نۆ ھەزار و سەد قوتابی لە پرۆسەی خوێندن بەشدارن.
پاڵپشتی بەردەوامی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەبوونی ٤١ یاداشتنامەی نێودەوڵەتی وای کرد زانکۆی زاخۆ لەڕووی زانستی و لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەم و لەسەر ئاستی عێراق پلەی دووەم بەدەست بھێنێت.
زیادبوونی چاڵاکی زانستی زانکۆی زاخۆ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ زانکۆیەکانی جیھان بە یەکێک لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکانی سەرخستنی ئەو زانکۆیە دادەنرێت، ئەوەش وای کرد ڕۆژبەڕۆژ پەیوەندیەکانی بەھێزتر ببن.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا زانکۆی زاخۆ زیاتر لە ھەزار لێکۆڵینەوەی زانستی ئەنجام داون و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نمایش کراون، ئەوەش بووە ھۆکار پلەی زانستی بەرز بەدەست بھێنێت. د. دیندار شەمسەدین، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھۆکاری پێشکەوتنی زانکۆی زاخۆ بۆ ئەو ڕێژە زۆرەی لێکۆڵینەوەکان دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە ھەزار لێکۆڵینەوەی ئەنجام داوە و بڵاوکردۆتەوە لێکۆڵینەوەکان زانستی، پزیشکی، ئەندازیاری، کەلتووری و چەندین بواری دیکە لە خۆ دەگرێت، بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە لەلایەن دەزگای تامسی بەریتانی بڵاوکراونەتەوە، زانکۆی زاخۆ یەکەمی سەر زانکۆی ئەھلی و حکوومییەکانی ھەرێمی کوردستان بوو، ئەوەش بۆ ئەو لێکۆڵینەوانە و پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە، چونکە ھەر لێکۆڵینەوەیەک بڵاوبکرێتەوە خەڵاتێک وەردەگرێت.