رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندەکە دەیان دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە ئەمڕۆ ٥٦ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جيهانیی داڤۆس لە سویسرا دەست بەکارەکانی بکات و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بێت، لە کۆڕبەندەکەدا سەرۆکی چەندین وڵاتی زلھێزی دنیا بەشدار دەبن، لە نێویاندا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبێت و لەگەڵ سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت، لە ھەمان کاتدا ئەو کۆڕبەندە دەرفەتێک دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی خۆ لەگەڵ جيهان زیاتر بەرەوپێشەوە ببات.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندەکە لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردە سیاسی و خاوەنکارانی جيهان، چەندین بابەت تاوتوێ دەکات، لەوانە ھەمەچەشنکردنی ئابووری، گرنگیدان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستان، وەبەرھێنان لە بواری کانزا و نەوت و گاز و وزەی پاک، جیا لە پێشھات و گۆڕانکارییەکانی ھەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە.
ھەرێمی کوردستان بەھۆی سیاسەتی حەکیمانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و ھەڵکەوتە جوگرافیایەکەی وای کردووە وڵاتان و سەرکردە جيهانییەکان ھاوشێوەی وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەبڕوای شرۆڤەکاران، کوردستان شوێنێکی ئارام و لەبارە بۆ وەبەرھێنان، دەتوانێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جيهان بۆ وەبەرھێنان لە کوردستان ڕابکێشێت، بۆیە کۆڕبەندی داڤۆس ھاوکار دەبێت کە کۆمپانیا جيهانییەکان زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، سەرۆکی حکوومەت، لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس ئەو پەیامە بە ڕوونی بە وڵاتانی جيهان دەگەیەنێت.
کۆڕبەندی داڤۆس، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧١ و لەسەر دەستی سەرمایەداری ئەڵمانی، کلاوس شۆپ، دەستی پێ کردووە، بۆ کۆڕبەندەکە سەرەتا بانگھێشتی سیاسەتمەداران نەدەکرا، کەچی لە ساڵی ١٩٧٤دا و بۆ جاری یەکەم دەست بە بانگھێشتی فەرمیی سیاسەتمەداران کرا و تا ئێستا لە نێوان تەواوی سیاسەتمەدار و سەرمایەداران و سەرکردە جيهانییەکاندا بەڕێوەدەچێت، ناوونیشانی کۆڕبەندەکە “ڕوحی دیالۆگ”ـە و، سەبارەت بە پرسە جيهانییەکانی تایبەت بە ئابووری و سیاسەت و ئاسایش و سەقامگیری بەڕێوەدەچێت، لەم گەڕەدا ٣٠٠٠ ھەزار کەس لە زیاتر لە سەد وڵاتەوە ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبن کە چەندین پرسی ھەنووکەی کە لە جيهان ھەن لەخۆ دەگرێت.
داڤۆس، شارێکی بچووکە، کەوتووەتە سەر ڕووباری لاندویسر لە ناوچەی براتیقۆی سەر بە کانتۆنی گرۆباندن لە وڵاتی سویسرا، ڕووبەری ئەم شارە ٢٥٤ ھەزار و ٤٨ کیلۆمەترە، ژمارەی دانیشتووانەکەی بەگوێرەی ئاماری ٢٠١٥ دەگاتە ١١ ھەزار و ١٠٩ کەس، شارێکی بەناوبانگیشە بۆ وەرزشی زستانەیی، بەتایبەتی خلیسکێنەی سەر بەفر، لە ساڵی ١٢٨٠ ی زایینی لە لایەن ڕۆمانەکانەوە کۆچ بەرەو ئەو شارە دەستی پێ کرد و دواتریش بووە بەشێک لە سویسرا و زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە ڕەگەز ئەڵمانین و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن.
زیاتر لە پێنج دەیە، کۆڕبەندەکە سەرکردەکانی بواری بازرگانی، حکوومەت، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەکادیمیا و نەوەی داھاتووی کۆکردووەتەوە تاوەکو لە ئاڵنگارییە جيهانییەکان تێبگەن و پێکەوە جيهان بەرەو پێشەوە ببەن.
لە ساتەوەختێکدا کە گۆڕانکارییە قووڵە جیۆسیاسی، تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان پێناسەی دەکەن، کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جيهان (World Economic Forum) سەکۆیەکی بێلایەن بۆ گفتوگۆ، ھاوکاری و کارکردن دابین دەکات.
کارنامەی کۆڕبەندەکە بە جۆرێک دیزاین کراوە، بیرۆکەکان بوروژێنێت، چارەسەری مەودادرێژ بۆ ئاڵنگارییە پەیوەستەکان دەربخات و دەرفەتی نوێ بۆ گەشەکردن و خۆڕاگری و کاریگەری بکاتەوە.
کۆڕبەندی ئەمساڵ، ڕەنگدانەوەی تێکەڵەیەکی بێوێنە و جۆراوجۆرە لە کەرتەکان، پیشەسازییەکان، حکوومەتەکان و نەوە جیاوازەکان، ئەمەش مسۆگەری دەستەبەربوونی ئەو مەودا فراوانەی دیدگە جیاوازەکان دەکات کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ھاوبەش پێویستن، ھەروەھا لەڕێگەی ئەزموونێکی میدیایی دیجیتاڵی کراوە، دانیشتنە پەخشکراوەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ، بەشداریکردنی بەرفراوانی میدیاکان و بەشداریپێکردنی کۆمەڵگە لەڕێگەی “کۆڕبەندی کراوە Open Forum”، گفتوگۆکان زۆر فراوانتر دەبن لە سنووری داڤۆس و بینەرانی جيهانیش بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
سیهاد سامی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بانگھێشتکردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەفەرمی لە کۆڕبەندی ئابووریی جيهانیی داڤۆس لە ڕۆژانی ١٩ تا ٢٣ی ئەم مانگە کە بڕیارە بەڕێوەبچێت زۆر گرنگە، چونکە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی جيهان دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت، لە کۆبوونەوەکاندا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیاسەت و ھەڵوێستی ھەرێم و گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی پرسە ھەرێمی و جيهانییەکان تاوتوێ دەکرێن، ئەوەش گرنگی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جيهان دەردەخات.
شاکر وەسمان، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: بەشداربوونی سەرۆکی حکوومەت لەو کۆڕبەندەدا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە زۆربەی بڕیاربەدەستانی جيهان لەو کۆڕبەندەدا بەشدارن، ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە سەرۆکی حکوومەت چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی جيهان ھەبێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە پەیوەندی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان زیاتر بەرەو پێشەوە ببات، بۆیە ئەو کۆڕبەندە دەرفەتێک دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی خۆ لەگەڵ جيهان بەرەوپێشەوە ببات و لەڕووی ئابووریشەوە کوردستان زیاتر پێش بکەوێت، لە ھەمان کاتدا ئەوە پیشاندەدات کە ھەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی ستراتیژی گرنگ و بەھێزە، چونکە لەسەر ئاستی جيهان تاکە ھەرێمە کە بەشداری لەو کۆڕبەندەدا دەکات، ئەوەش لەبەر پێگەی ستراتیژی جیۆپۆلۆتیکی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ئێستا کوردستان ئارامترین ناوچەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ھەموو پێکھاتەکان پێکەوە بە ئازادانە دەژین، ئەوەش سەرنجی جيهانی ڕاکێشاوە، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان کارەکتەرێکی سەرەکی لەناوبردنی داعش بوو، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان بالانسی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگرتووە، ھەروەھا دەتوانێت ڕۆڵێکی نێودەوڵەتی بگێڕێت بۆ ھێوربوونەوەی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ناوچەکە ھەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان، بۆیە ئەو حسابەی بۆ ھەرێم دەکرێت بۆ ھەندێک لە وڵاتان ناکرێت، ھەروەھا دەرفەتێکی باشە کە وەبەرھێنەرانی جيهان ڕوو لە ھەرێم بکەن، ئەوەش ئابووری کوردستان پێش دەخات، ئەوەش بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.