ڕائیب جادر – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، دەڵێ، لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا ١٤٠٠ کەس گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان کە ٣٢٢ کەسیان دیپۆرتکراونەتەوە. دەشڵێ، یەکێک لە پلانەکانی ئەوروپا ناردنەوەی بە کۆمەڵی پەنابەرانە، بۆیە ئەو ھەنگاوانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر گرنگن.
ئەو ھاووڵاتییانەی دیپۆرت دەکرێن، یان دەستگیر دەکرێن و لە لیبیا و وڵاتانی دیکە دەگەڕێندرێنەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی ھەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ گەڕانەوەیان دەگرێتەبەر و بە سەلامەتی دەگەڕێنرێنەوە ھەرێمی کوردستان، دوای گەیشتنەوەیان بە خاکی ھەرێمی کوردستان، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تیمی پزیشکی و ھاوکاری، لەگەڵ ئازادکراوان دەبن و پشکنینی پێویستی پزیشکییان بۆ ئەنجام دەدرێت، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان، دەگەڕێنەوە لای کەسوکاریان.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لەوەتەی سیستەمەکەمان لە ھەر دوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی داناوە، ١٤٠٠ کەس لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان، بەداخەوە لەو ڕێژەیە ٣٢٢ کەس دیپۆرت بوونە، ئەوەش ڕێژەیەکی یەکجار زۆرە، بۆ ئەو ماوە کورتەی کە تا ئێستا گەڕانەوەی بە کۆمەڵ دەستی پێنەکردووە، لەبەر ئەوەی ئێستا یەکێک لە پلانەکانی یەکێتی ئەوروپا ناردنەوەی بە کۆمەڵە، لەو کاتەدا بەڕاستی ئەرکی ئێمە زۆر سەخت دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، دەشڵێ: ئەو ھەنگاوە گرنگانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ دەینێت جێگەی دەستخۆشییە، لە داھاتووشدا ھەنگاوی زیاتر دەنێین بۆ زیاتر گرنگی دان بەو کەسانە کە دەگەڕێنەوە یان دیپۆرت دەکرێن.

