ساڵی ڕابردوو بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئاکرێ، نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە، ئەمە لە کاتێکدا ساڵی ٢٠٢٤ تەنیا ٤٤٧٨٠٠ گەشتیار سەردانی ئەو ناوچەیان کردبوو، ئەمەش بۆ پێشخستنی کەرتەکە و خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە کە پێشکەشی سنوورەکەی کردووە، چ لە بواری ڕێگەوبانی پێشکەوتوو، چ لە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە خزمەت بە کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە دەکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار داوە و پلانی ھەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران بۆ ٢٠ ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا، لەم چوارچێوەیەدا، چەندان پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم، لەنێویاندا ئاکرێ، لەژێر جێبەجێکردندان.
عەبدوڵڵا محەممەد، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: بەڕاستی کوردستان زۆر خۆشە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا لە کاتی بەفر بارین چێژ لەو گەشتە دەبینین، بە ھاوینانیش ڕوو لە کوردستان دەکەین، بەڵام لە زستان گەشتکردن بۆ کوردستان زۆر خۆشە، بەتایبەتی ئاکرێ و دەوروبەری، بۆیە بڕیارمان داوە لە زستانان دوو تا سێ جار سەردانی کوردستان و شوێنە گەشتیارەکانی ئاکرێ بکەین.
یونس زیاد، گەشتیارێکی خوارووی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: کوردستان زۆر ئارامە و لە بازگەکانیش بەشێوەیەکی زۆر جوان پێشوازی لە ئێمە دەکرێت و ھیچ کێشەیەک نییە، ھەر ئەوەش وای کردووە ساڵانە دوو تا سێ جار سەردانی کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان بکەم.
ئەو گەشتیارە، ڕوونیشیکردەوە، شوێنە گەشتیارییەکان زۆر خۆشن کەش و ھەوایەکی لەبار ھەیە، ھەر ئەوەش ھۆکار بوو کە کاتێکی خۆش لە کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر ببەین.
ساڵ لە دوای ساڵ، ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ئەم ناوچەیە ڕوو لە زیادبوونە، ئەمەش وایکردووە خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان داوای خزمەتگوزاری زیاتر بکەن، بەتایبەت لە بواری ڕێگاوبان و ئاسانکارییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر پێشوازی لە میوانەکانیان بکەن. سەعید خدر، خاوەن پڕۆژەی گەشتیاری لە ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پاش ئەوەی حکوومەتی ھەرێم دەستی خزمەتگوزاری بۆ ھەموو ناوچەکان درێژ کرد، بەتایبەتی دروستکردن و دووسایدکردنی ڕێگەوبانەکان، ئەوەش وای کرد ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، بەتایبەتی شوێنە گەشتیارییەکانی ئاکرێ زیاتر بێت.
لە ساڵی ٢٠٢٥ بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئاکرێ ھەتا نیو ملیۆن گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکەیان کردووە، ئەو ژمارەیەش دڵخۆشکەرە و ئەوان دەیانەوێت بەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست زیاتر سەرنجی گەشتیاران بۆ ئاکرێ و شوێنە گەشتیارییەکانی خۆیان ڕابکێشن. ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زۆر دڵخۆشین کە ساڵ بە ساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ئاکرێ و دەوروبەری زیاد دەبێت، کە تەنیا ساڵی ڕابردوو ٤٩٦ ھەزار و ٢٣٣ گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان کردووە، ڕەنگە ئەو ژمارەیە لە تموحی ئێمە نەبێت، بەڵام لە چەند ساڵی داھاتوودا ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەن لەوانە کەمی شوێنی حەوانەوە، بۆ ئەو مەبەستە چەند پڕۆژەیەکمان لەبەر دەستن کە کاریان تێدا دەکرێت و ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ساڵانی داھاتوودا، ئەوەش وا دەکات ژمارەی گەشتیاران و مانەوەیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە زیاد بکات.

