وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی ژمارەیەک کۆرسیی ڕاهێنانی لە وڵاتی هۆڵەندا ڕاگەیاند، کە تایبەتە بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ و دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە وڵاتی هۆڵەندا لە چوارچێوەی بەرنامەی (The Shiraka Training Programme)، ژمارەیەک کۆرسیی ڕاهێنانی جۆراوجۆری لەسەر ئەرکی حکومەتی هۆڵەندا تەرخان کردووە. ئەم هەلە سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و دامودەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە و مەرجەکانی بەرنامەکەی تێدا بەرجەستە دەبێت، دەتوانێت لە ڕێگەی لینکی تایبەت بە پڕۆگرامەکەوە داواکاری پێشکەش بە سەرچاوەی کۆرسەکان بکات.
سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردن، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕوونی کردووەتەوە کە بۆ خودی کۆرسەکانی ڕاهێنان هیچ مەرجێکی تایبەتییان نییە، بەڵام میکانیزمێکی دیاریکراویان بۆ پێدانی پشتگیری داناوە. لەم ڕووەوە هاتووە: “ئەگەر پێشکەشکار پێویستی بە پشتگیریی وەزارەت هەبێت، دەبێت سەرەتا نوسراوی پشتگیری لە فەرمانگەکەی خۆی بهێنێت، ئەوکات وەزارەت دەتوانێت پشتگیریی کاندیدبوونی بکات.”
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە خوازیاران پێویستە بە وردی زانیارییەکانی ناو لینکی کۆرسەکە بخوێننەوە و هەر پرسیار و زانیارییەکی زیاتریان هەبێت لەوێوە وەڵام دەست دەخەن.
دواکات بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ئەم کۆرسانە ڕێکەوتی 8ی شوباتی 2026 دیاری کراوە و خوازیاران دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی (https://www.shiraka.nl/en) زانیاریی تەواو بەدەست بهێنن.

