ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.1.14، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، لە ڕێوڕەسمێكدا بە تیروپشك نزیكەی ( 750 ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری كۆمەڵگای كانی قرژاڵە دابەشكرا.
لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر، دڵخۆشی خۆی بەقۆناغێكی تری گرنگ و بەهێز لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دابەشکردنی پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر نیشاندا، و ئاماژەی بەوەدا كە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم زۆرترین فەرمانبەر سوودمەند بوونە لەوەرگرتنی زەوی.
ئاشكراشی كرد، ئەم پرۆسەیە کارێکی ئاسان نەبووە، كە ماوەی نزیکەی 15 ساڵ بەهۆی گرفت و كێشەی جۆراوجۆر وەستا بوو، بەڵام بە هەوڵ و پشتگیری جەنابی سەرۆک وەزیران، ئەم پرۆسەیە دووبارە هەنگاوی بۆ هاویشترا و لە ئیستادا بە شێوەیەکی پێشکەوتوو جێبەجێ دەکرێت.
گوتیشی، ئەم پرۆسەیە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دەستبەركردنی مافی فەرمانبەران و بەهۆی ئەم پڕۆسەیەشەوە، هەزاران خێزانی فەرمانبەر دەتوانن خەونی نیشتەجێبوون و خانەوەدانەوەی خۆیان بیێننە دی، و بەڕێوەبردنی پرۆسەکەش بەباشی بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی، سوپاس بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز وەزیری شارەوانی بۆ پشتیوانی و گرنگیدانیان لەو پرۆسەیە، هەروەها دستخۆشی لە هەموو ئەوانەش كرد كە ئەم پڕۆسەیەیان بە هەوڵ و دڵسۆزی بە ئەنجام گەیاند.
جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، هەر فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگەیەک و كارمەندێكی ناوخۆ كە هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.

