رۆژنامەی ھەولێر

دروستکردنی پۆند و تێبینییەک

حەیدەر مەنتک

کاتی خۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گلدانەوەی ئاو بۆ بەرزبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی، هەڵمەتێکی باشی دەست دایە و، پۆندی زۆری لە سنووری گوندەکانی سەرجەم ناوچەکاندا دروست کرد و، جێگای دەستخۆشییە؛ من باسی قەبارە و کوالیتی و شێوازی دروستکردنیان ناکەم، باسی لایەنی پەیوەندیدار بەم پۆندانەیش ناکەم، جا سەر بە چ وەزارەت بێ یان هەر بەڕێوەبەرایەتییەک، ئەمەش ناوەڕۆکی بابەتەکەمان نییە، بەڵکو ئەوەی بۆتە جێگای پرسیار و خەم بۆ لادێنشینەکان ئەوەیە، پاش ئەو هەموو تێچووە لە ڕووی مادییەوە، پاش ئەو هەموو داخوازی و داواکاری و ڕایەڵەی هاتۆچۆیە، ئێستا هەندێ لە پۆندەکان، مەترسیی داخران و گیرانی مەنفەزی دەرچەیان لێ دەکرێ.
بۆ بەرچاوی لایەنی پەیوەندیدار، پۆندەکەی گوندی ڕووڵکە کە سەر بە قەزای قوشتەپەیە دەمێکە پڕ بۆتەوە لە قوڕ و لیتە و لم؛ پۆندەکەی گوندی دووشیوانی سەر بە قەزای قوشتەپەیش لە ساڵی پارەوە دەرچەی ئاوەکەی گیراوە بە لم و قوڕ و لیتە؛ چەندین جارە ئاگادارکردنەوە دەنێرین، کەچی بەدەنگەوەهاتن نییە.
لێرەوە ڕووی داواکاریمان دەخەینە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار خەمێکی لێ بخۆن با بە دەردی پۆندەکەی گوندی ڕووڵکە نەچێ؛ پۆند، خاوێنکردنەوە و بەدواداچوونی دەوێ.