رۆژنامەی ھەولێر

لەدوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستان ١٣٦٠٠ هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشکرای کرد: ساڵی ڕابردوو ١٠ کەس بەھۆی مینەوە بوونەتە قوربانی. دەشڵێ: زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار مەتر دووجا زەوی سنوورەکەمان لە مین پاککردووەتەوە و ١١ کێڵگەی مین دوای پاککردنەوە ڕادەستی خاوەن زەوییەکان کراونەتەوە.

کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دەستی کردووە بە پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا، ١٣٦٠٠ کەس بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی، لە سەردەمی شەڕی عێراق – ئێران، لە سەدەی ڕابردوو زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان مینڕێژکراون، ھەر بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە ھەرێمی کوردستان، ٧٣%ی زەوی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و تەنیا ٢٧% ماوە پاک بکرێتەوە.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە سەدان کێڵگەی بە مین داچێندراو ھەن، ڕۆژانە لەلایەن چەند تیمێک کاری پاکسازی مین لەو دەڤەرانە دەکرێت، بەرزایی چیاکان پشکی شێری ئەو ڕووبەرە پێکدەھێنن، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا نزیکەی ٤ ھەزار کەس لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەر مین و تەقەمەنی کەوتوونە و شەھید و بریندار بوونە. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، دەڵێت: ئەرکی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری مین بریتییە لە ھەڵگرتنەوەی مین و پاککردنەوەی خاکی ھەرێمی کوردستان لە پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی و لابردنی مەترسی لەسەر گیانی ھاووڵاتییان و ھۆشیارکردنەوەیان لە چۆنیەتی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین، لە ساڵی ڕابردوو، ٨٠٠،٧٩٥ مەتر چوارگۆشە ڕووبەری زەوی پاککراوەتەوە، ھەروەھا ٢٢١٥٠ مەتر چوارگۆشە ڕووبەری زەوی لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە پشکنینی بۆ کراوە، ھاوکات ھەزار و ٦١٤ مینی دژەکەسی لەناوبراون و دوو مینی دژە تانکی لەناوبراوە، ھەروەھا ٢٣ ھەزار و ١٦٣ پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی لەناوبراوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، گوتیشی: ١١ کێڵگەی مین و ناوچەی مەترسیدار پاککراونەتەوە و بۆ خاوەنەکانیان گەڕاونەتەوە و ١٨٣ ئەرکی پووچەڵەکردنەوە و لەناوبردنی مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگیان ئەنجامداوە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە ٦٥ـیان لە کێڵگە مینەکاندا بوون و ١١٨ـیان لە دەرەوەی کێڵگەی مین، ١٢٨٤٦٨ منداڵ و گەنج و بە تەمەن، بە ئافرەت و پیاو و قوتابی، لە چالاکییەکانی ھۆشیارکردنەوەی مین سوودمەندبوونە، ٥٤١٦ کەلوپەلی ھۆشیاری دابەشکراوە، وەکو: لێفلێت، پۆستەر، دەفتەری قوتابخانە، زارومار، لەگەڵ دانانی تابڵۆی ھۆشیاری لە شوێنە گشتییەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی ھەولێر، ئاماژەی بە ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەی مین کرد و ئاشکرای کرد: ساڵی پار ١٠ ھاووڵاتیی بوونەتە قوربانی کە شەشیان گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش کەمئەندام بوون.
عەلی عەبدولڕەحمان، ئەوەشی خستەڕوو، ھێشتا ٢٨٣ کێڵگەی مین لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ماون کە پلانیان بۆ دانراوە لە داھاتوودا بەگوێرەی پێویست پاک بکرێنەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، ئەوەشی گوت: زۆربەی کێڵگە مینەکان کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراون، ھێمای ھۆشیار کردنەوە لە مەترسییەکانی مین لەو شوێنانە دانراون، ھەروەھا لە دەوروبەری کێڵگە مینەکان بەتایبەتیش ئەو شوێنانەی گوند و ئاوایی لێیە، تابلۆی ھەمیشەیی ھۆشیاری مینی لێ دانراوە و ڕووبەری کێڵگە مینەکەشی تیادا ئاماژە پێکراوە کە ئەم شوێنانە مەترسیدارە و تکایە نزیک مەکەونەوە.