وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی سێ توێژی خوێندکارانی خوێندنی باڵا دەرکرد و بڕیاریدا لە کرێی خوێندن لە کاتی درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن بیانبەخشێت.
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە واژۆی ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە، گشتاندن بۆ سەرۆکایەتیی گشت زانکۆ حکوومییەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
لە نووسراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەم خوێندکارانە لە کاتی درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنیاندا لە کرێی خوێندن دەبەخشرێن.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیارەکە ئەو خوێندکارانەی ماستەر و دکتۆرا دەگرێتەوە کە لە ساڵی خوێندنی 2023-2024 وەرگیراون و سەر بەم سێ توێژەن،
١- خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچەکانی ماددەی 140).
٢- خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
٣- سێ یەکەمە دانەمەزراوەکان.
پێشتر ئەم توێژانە لە کرێی خوێندنی ئاسایی بەخشرابوون، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، لەمەودوا ئەگەر ماوەی خوێندنیشیان بۆ درێژ بکرێتەوە، هیچ بڕە پارەیەک وەک کرێی خوێندن لێیان وەرناگیرێت.

