رۆژنامەی ھەولێر

پێشەنگای وێنەیی خانمانی پێشمەرگە کرایەوە

ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی، بەڕێز ئەدریان ئایسلستین کونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و راوێژکارانی باڵای وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری و بەڕێوەبەری چاکسازی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و تیمێکی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ڕاگر و مامۆستایان و قوتابیانی کۆلێژەکە، لە شاری هەولێر و لە هۆڵی کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی سەلاحەدین، بە دەستپێشخەری راوێژکاری سەربازی لە کونسوڵگەری هۆڵەندا، بە هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و بەشداری کۆلێژی زانستە سیاسیەکان، پیشەنگایەکی تایبەت بە وێنەی خانمانی پێشمەرگە کرایەوە.

لە دەسپێکی رێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە راگری کۆلێژی زانستە سیاسیەکان، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی و راوێژکاری سەربازی کونسوڵخانەی گشتی هۆڵەندا وتاریان پێشکەش کرد و لە وتارەکاندا؛ وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم هەماهەنگیە هاوبەشە، جەخت لەسەر ڕۆڵی کاریگەری ئافرەتان و ژنان لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا کرایەوە. هەروەها هیوا خوازرا کە لە داهاتوودا ئاستی بەشداری خانمان لە دامەزراوە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان بەرزتر بکرێتەوە و رۆڵیان کاراتر بکرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە پیشانگاکە (٢٠) وێنەی جیاوازی لەخۆ گرتبوو، کە هەر یەکێکیان وێنەیەکی ڕاستەقینەیە لە بەشداری چالاک و ڕۆڵی بەرچاوی ژنانی پێشمەرگە و تێکۆشەرانەیان، هەروەها توانا و لێهاتووییان لە بەڕێوەبردنی شارەزایانە و جێبەجێکردنی ئەرک و چالاکییە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان.