جارێكی دیكە كۆمپانیاكانی دیلیڤەری و گەیاندنی خۆراك پابەند كرانەوە بە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ لەمەودوا هەر ماتۆڕسكیلێك تۆمار نەكرابێت یاخود شوفێرەكەی مۆڵەتی لێخوڕینی نەبێت، سزای توندی بەسەردا دەسەپێنرێت.
بە سەرپەرشتی د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئامادەبوونی عەمید ئارام بڕهان بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێر و نوێنەری کۆمپانیاکانی گەیاندن (دیلیڤەری) کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا بە مەبەستی بەدواداچوونی پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە یاسا و ڕێنماییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیاکانی گەیاندن دوایین ئاماری ڕێکخستنەوەی کارەکانیان و ئاستی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانیان خستەڕوو کە بە نووسراوی ژمارە (5706) لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆیان ڕەوانەکراوە.
بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییەکانی کردەوە، جەختیشی كردەوە كە لەمەودوا هەر کۆمپانیایەک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و تووشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا كە ئێستا بەشی هەرەزۆری ماتۆڕسكیلەكانی گواستنەوەی خواردن تۆمارکراون و شوفێرەکانیان بوونەتە خاوەنی مۆڵەتی شوفێری و پابەندی یاسا و رێساکانن، ئەوانەشی پابەند نین، فەرمان کرا کە پۆلیسی هاتوچۆ رێوشوێنی یاساییان لەبەرامبەر بگرێتەبەر .

