لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی ساڵی 2025ـی بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە جێبەجێکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان کراوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند: لە ڕێگەی هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیەوە و بەپێی پلانێکی تۆکمە، توانیومانە لەمساڵدا زۆرترین پڕۆژە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی پایتەخت.
گرنگترین دەستکەوتەکانی شارەوانیی هەولێر لە ساڵی 2025:
کەرتی نیشتەجێبوون و زەوی: دابینکردنی 28،500 پارچە زەوی بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و فەرمانبەران هەروەها پێدانی 5،234 مۆڵەت و ڕێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانووی نیشتەجێبوون و پێدانی ڕێگەپێدان بۆ دروستکردنی 679 باڵەخانە.
کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی: تەرخانکردنی 290،639 مەتر دووجا زەوی بۆ 19 پڕۆژەی پیشەسازیی جیاواز هەروەها تەرخانکردنی 120 پارچە زەوی بۆ کەرتی وەبەرهێنان و 10 پارچە زەوی بۆ کەرتە حکومییەکان.
گرێبەستەکان و داهات: ئەنجامدانی1،836 گرێبەستی جۆراوجۆر لە بوارەکانی دوکان، گەراج، پێشانگا و بەڵێندەرایەتی.
پەرەپێدانی تواناکان: بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕی و تەکنیکی، 7خول، کۆنفرانسێک و وۆرک شۆپێک بۆ کارمەندان و پسپۆڕان ڕێکخراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرەڕای پڕۆژە بیناسازییەکان، گرنگییەکی تایبەت بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر دراوە و کارەکانی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی بەردەوام بوون، کە بڕیارە لە داهاتوودا داتا وردەکانی ئەو کەرتە بەجیا بڵاو بکرێنەوە.
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جەختی کردەوە کە ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە ستراتیژیی حکوومەت بۆ ئاسانکاری لە ژیانی هاووڵاتیان و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و نیشتەجێبوون لە پایتەخت.

