رۆژنامەی ھەولێر

هاتوچۆی هەڵەبجە: بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە، هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەرکردووە

ڕۆژی یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەم، بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە، ڕایگەیاند: هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەرکردووە کە تایبەتە بە لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بڕیارەکە ئەو هاووڵاتیانە دەگرێتەوە کە گرێبەستی ئەلیکترۆنییان بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئەنجامداوە، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی گرێبەستەکە کە 60 ڕۆژە نەیانتوانیوە مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکانیان تەواو بکەن.

هاتوچۆی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند: پێشتر ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ماوەی دیاریکراودا مامەڵەکەیان ئەنجام نەدابوو، سزای دارایی دواکەوتنیان دەکەوتە ئەستۆ، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە لەو سزایە دەبەخشرێن ئەم بڕیاری لێخۆشبوونە بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە و تەنها تاوەکو ڕێکەوتی 1- 2- 2026 کارایە.

داواش لەو هاووڵاتیانە دەکرێت کە گرێبەستەکانیان بەسەرچووە، لەم دەرفەتە سوودمەند بن و پێش کۆتایی هاتنی وادەی دیاریکراو، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکانیان بەبێ دانی هیچ سزایەک