ئەمرۆ یەكشەممە 2026.1.11، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سروە رەسول ، بەرێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و سەرکونسلی ئەڵمانیا لە هەولێر بە وەكالەت و لیوا یادگار ئەنوەر بەرێوەبەری گشتی بەرگری شارەستانی هەرێم و ناز جەلال، بەڕێوەبەری قەیرانەكانی پارێزگا و ژمارەیەكی تر لە نوێنەری ڕێكخراوەكان و بەرپرسانی دیكەی حكومی، لە ڕێورەسمێكدا كۆتایی بە خولێكی ڕاهێنانی تیمی RRU هێنرا و دوو ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بەهاناوەچوون بەتەواوی كەل و پەلەكانیەوە كە لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ئەڵمانیا دابینكراوە بەخشرا بە هەردوو تیمی وەڵامدانەوەی خێرا RRU ی شەقڵاوە و راپەرین.
لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكان، وێرای پیرۆزبایی لە تیمەكان، كار و ئەركی تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا RRU لە پارێزگای هەولێر بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بەگشتیی بەرزنرخاند، هەروەها دەستخۆشی لە هەموو سەرۆك و ئەندامانی تیمەکان کرد، كە هەمیشە لە كاتی هەر ڕووداو و كارەساتێك لە هێڵێ پێشەوەی بوونە، چ لەناوخۆی وڵات یان لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی لەكاتی كارەساتی بومەلەرزەكەی لە وڵاتی توركیا ڕوویدا تیمەكانی هەولێر و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم یەكەم تیم بوون گەیشتنە ناو ڕووداوەكان و بەهانای خوشك و برایانی باكووری كوردستانەوە چوون و ئەوەش بووە مایەی شانازی بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا، سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ئەڵمانیا كرد كە هاوبەشێكی سەرەكین لە ڕاهێنان و دابینكردنی پێداویستیەكان بۆ تیمەكان و هیوای سەركەوتنی بۆ تیمەكان خواست لە هەموو ئەو کاروچالاکییانەی ئەنجامیدەدەن و تەواوی پاڵپشتیەكی پارێزگای هەولێری بۆ هەر کاروچالاکییەك ئەوان دووپاتکردەوە، کە لە داهاتوودا ئەنجامی دەدەن.
جێگەی باسە، تیمی وەڵامدانەوەی خێرا RRU یەکێکە لەم هەنگاوانەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دامەزراندنی سیستەمی خۆبەخشی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بەڕێوبردنی قەیران و کارەساتەکان، بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامی داوە، کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان چەندین تیم لە پارێزگاکانی “هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە” و ئیدارە سەربەخۆکانی “سۆران، زاخۆ، گەرمیان” دا هەن کە هەڵگری بڕوانامەی نێودەوڵەتین، كار و ئەركی ئەو تیمە بۆ ئەوەی لە كاتی روودانی هەر كارەساتێكی سروشتی هاوكاری تیمەكانی حكوومەت بكەن و ژیانی هاووڵاتییان رزگار بكەن.كارمەندانی بەشێكیان خۆبەخشن و بەشێكیان فەرمانبەری حكوومەتن و بەشێكیان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كار دەكەن، سەرجەمیشیان ڕاهێنانی چاککردنەوە و چاودێریکردنی کەل و پەلەکانی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریان پێكراوە.

