رۆژنامەی ھەولێر

پرسی چارەسەری كورد بە كوێ دەگات دوای شەڕی حەلەب؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەگەرچی چاوەكان لەسەر شەڕی سوپای عەرەبی سووریایە لە حەلەب دژی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە، بەڵام ئەوەی گرنگە و قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، بابەتی پرسی چارەسەری كوردە لە توركیا، كە ماوەی ساڵێك دەبێت هاتووەتە بەرباس و توركیا ناوی لێناوە (توركیای بێتیرۆر) و باس لەوە دەكرێت، ئەگەر توركیا لە رۆژئاوای كوردستان پشت لە كورد بكات، پرسی چارەسەری لەناو دەچێت و كۆتایی پێدێت.

پرسی چارەسەریی، لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە وەكوو دەستكەوتێكی گەورە باسی لێوە دەكرێت و دەڵێن لەسەر دەستی ئێمە ئیدی جەرگی دایكان ناسووتێت، بەڵام دەم پارتی، بەڕوونی لە میدیاكانەوە باسی دەكات، ئەگەر لە رۆژئاوا دژایەتی كورد بكرێت، بەهەموو شێوەیەك كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەریی كورد دەبێت لە توركیا.
هێرشی دڕندانەی سوپای سووریای عەرەبی بۆ سەر هەردوو گەڕەكی ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب و پشتگیری كردنیان لەلایەن توركیاوە، كوردانی باكووری نیگەران كردووە، بەتایبەت دەم پارتی، پرسی چارەسەری كوردیش قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، بەوەی رەنگە وەكوو ٢٠١٥ كۆتایی پێبێت و هیچ ئەنجامێكی نەبێت.
ئەگەر ئاوەڕێك لە رابردوو بدەینەوە، لە ٢٠١٥ پرسی چارەسەریی كورد لە توركیا بوونی هەبوو و پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیبوو، بەڵام یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد ئەو پرسە بخرێتە سەلاجەوە، كۆبانێ بوو، كە ئەوكات كەوتبووە ژێر هێرشی دڕندانەی گرووپی تیرۆرستی داعش و باكوورییەكان و هەدەپە داوایان دەكرد توركیا دەرگا بكاتەوە، تا گەنجانی باكوور بچنە كۆبانێ و هاوكاری یەپەگە بكەن، بەڵام توركیا رەتی كردەوە، بۆیە سەلاحەدین دەمیرتاش، كە ئەوكات هاوسەرۆكی هەدەپە بوو، داوای كرد كورد بڕژێتە سەر شەقام و داوا بكات ئەو كۆمەڵكووژییەی كۆبانێ بوەستێنرێت و رێگە بدەن بچن بەهانای كوردەوە، خەڵك رژایە سەر شەقام و لە ئامەد ٤٨ كەس و دوو پۆلیس بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەوە كوژران.
پرسی چارەسەریی كۆتایی پێهات و رەجەب تەییب ئەردۆغان ئاماژەی دا، شتێك نییە بەناوی پرسی چارەسەریی كورد و ئەوەی هەیە پرسی تیرۆرە، بۆیە شەڕی خەندەق دروست بوو.
پەلاماری ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود، كە دوو گەڕەكی كوردنشینن لەلایەن سوپای سووریای عەرەبەوە، كاریگەریی زۆری لەسەر پرسی چارەسەریی كورد دەبێت لە توركیا، چونكە توركیا بەئاشكرا گوتی ئێمە پشتگیریی لەو سوپایە دەكەین و پێویستە هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا و ئەوان تیرۆرستن و ئاساییشی سووریا تێكدەدەن. لە بەرامبەردا كوردانی باكووری كوردستان لە بەشێكی زۆری شارەكان هاتنە سەر شەقام و پشتگیری خۆیان بۆ هەسەدە و رۆژئاوای كوردستان دوپاتكردەوە، ئەمەش ترسی خستووەتە دڵی بەشێكی زۆری ئەوانەی خەونیان بەئاشتییەكی بەردەوام دەبینی لە توركیا و دەڵێن رەنگە سیناریۆی ٢٠١٥ دووبارە ببێتەوە.
شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، ناكرێت توركیا لە باكووری كوردستان دەست بخاتە ناو دەستی كورد و بە برا ناوی بهێنێت، بەڵام لە رۆژئاوای كوردستان كوردیان پێدوژمن بێت و لەرێگەی هێزە دڕندەكەی شەرعەوە پەلاماریان بدەن، ئەمە پرسی چارەسەریی كورد لەناو دەبات.
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، دەڵێت پێویستییە و گرنگە توركیا رێگە بدات، مەزڵووم عەبدی سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە بچێتە ئیمیڕاڵی و چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان بكەوێت، چونكە ئۆجەلان بۆ خۆی داوای كردووە عەبدی ببینێت.
دۆغان پێیوایە، ئەگەر ئۆجەلان و عەبدی چاویان بەیەكتری بكەوێت، زۆر پرس چارەسەر دەبێت و پرسی رۆژئاواش هەنگاوی باش بەخۆیەوە دەبینێت.
سەرەتا دەم پارتی، بەگەرمییەوە پێشوازی لە پرسی چارەسەریی و چەكدانانی پەكەكە كرد، بەڵام ماوەیەكە و دوای ئەوەی ئاكەپە و مەهەپە زمانی توند بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان بەكاردەهێنن، دەم پارتی ترسی لە پرۆسەكە هەیە و بەئاشكراش دەڵێن، پرسی رۆژئاوا پرسی باكوورە و ئەگەر لەوێ كورد دووچاری كوشتن ببێتەوە، وەكوو ئەوە وایە لە باكوور كورد دووچاری كوشتن ببێتەوە، بۆیە ناكرێت توركیا ئەو راستییە نەزانێت و خۆی لێ گێل بكات.
توركیا هەسەدەی پێتیرۆرستە و دەڵێن دەبێت بەبێ مەرج چەك دابنێت و بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، ئەمەش بووەتە گرێكوێرەی هەنگاوی كرداری پرسی چارەسەریی كورد، چوونكە دەم پارتی و خودی عەبدوڵا ئۆجەلانیش داوا دەكەن، توركیا رێگەخۆشكەر بیت تا سووریا ببێتە لامەركەزی و كورد خۆی خۆی بەڕێوە ببات، بەڵام توركیا رەتی دەكاتەوە و زمانی تیرۆرست بەرامبەر بە هەسەدە بەكاردەهێنن.
ئۆجەلان لە دیمانەیەكدا لە ١٩٩٣، دەڵێت توركیا دەیەوێت ئێمە ببینە مەڕ و بچینە ژێر دەستیان و پێیان بڵێین فەرموو سەرمان ببڕن. ئێستا ئەو گوتەیەی ئۆجەلان بۆ رۆژئاوای كوردستان دروستە و بە هەسەدە دەڵێن، هەموو ئەو قوربانییەی داوتانە لەپێناو رۆژئاوا و شكاندنی داعش پولێك ناهێنێت و دەبێت بچنە سەر وەزارەتی بەرگریی و ئیدی شتێك نەمێنێت بەناوی پرسی كورد و خاكی كورد و مافی كورد.
حوسێن چەلیك، یەكێك لە دامەزرێنەری ئاكەپە ئاماژەی داوە، سیاسەتی دەرەوەی توركیا زۆر ناڕوونە و نازانم چۆن لێی تێبگەم، كە دەست دەخاتە ناو دەستی ئەحمەد شەرعی تیرۆرست، بەڵام دەست ناخاتە ناو دەستی كوردانی رۆژئاوای كوردستان. هەروەها باس لەوەش دەكات، ئەگەر توركیا پشت لە كوردی رۆژئاوا بكات، كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەریی كورد دەبێت لە توركیا.
لە داهاتوویەكی نزیك، روون دەبێتەوە ئاخر پرسی چارەسەریی كورد دەگاتە ئەنجام، یان دەبێتە قوربانی رۆژئاوای كوردستان.