سلێمان تاشان – ههولێر
ماوەیەکە دۆخی کورد لە سووریا پەرێشانە بە سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی دوو گەڕەکی کوردنشین لە حەلەب لە بەردەم مەترسیی قڕکردن و کوشتن و بڕیندان، لە ڕۆژی سێشەممە شەشی کانوونی دووەمەوە شەڕ لەم دوو گەڕەکە لە نێوان ئاسایشی ناوخۆیی ئەو گەڕەکانە و سوپای عەرەبیی سووریا دەستی پێ کردووە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەردەوامە.
بەپێی دواین زانیارییەکان کە دوێنێ شەممە روانگەی مافی مرۆڤی سووریا بڵاوی کردەوە بەهۆی شەڕ لەو دوو گەڕەکە شەست و دوو کەس کوژراون و سەد و پازدە کەسی تر بریندار بوون کە ژمارەیەکی بەرچاویان خەڵکی سڤیلن.
شەڕەکە دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە حکوومەتی سووریا ویستی ئاسایشی خۆی بەسەر تەواوی گەڕەکەکانی حەلەبدا بسەپێنێت، بەڵام دۆخی دوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لەوەتەی سەرهەڵدانی قەیران و ئاڵۆزییەکانی سووریا جیاوازە و دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە خۆیان ئاسایشی گەڕەکەکانیان پاراستووە و بەرپەرچی دەیان هیرشی جیاوازیان داوەتەوە.
لانی کەم لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا هێرشی جیاواز لە لایەن سوپای پێشووی سووریا، گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەرەی نوسڕە، دەوڵەتی ئیسلامیی داعش و چەندان گرووپ و سوپای تر ئەنجام دراون و سەرەڕای هەبوونی زیانی گیانی و مادی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئەم گەڕەکانە خۆیان بەدەستەوە نەداوە و بەرگرییان کردووە.
ئەو هێزانە پێشتر لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل و دوای ئەوانیش لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات پاڵپشتی کراون. لە میانەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەشێک لە دانیشتووانی عەفرین هانایان بۆ ئەو گەڕەکانە برد و لەوێ گیرسانەوە و ئێستەش کە شەڕەکە ڕووی لەو گەڕەکانە کردووە بەشێک لە دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە جارێکی تر ئاوارە بوونەتەوە و بەپێی ئامارێک کە دەزگای خێرخوازی بارزانی بڵاوی کردۆتەوە زیاتر لە سەد هەزار کەس ئاوارە بوون.
رۆژی هەینی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکانی حەلەب دەربڕی و داوای لە هەر دوو لایەنی شەڕەکە کرد لە ڕێی دانوستانەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ هەنگاو بنێن.
لەو بەروارەدا ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری ڕاگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ یەکتردا واژۆ کرد کە یەکێک لە خاڵەکان پێوەندیدار بوو بە تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ڕۆژئاوا بە سوپا و ئاسایشی سووریا. هەرچەندە چەندین جار کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە بەڵام بەهیچ ئاکامێک نەگەیشتوون.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر ئەو هێرشانەی بە جینۆساید هەژمار کردووە و پێداگری لەوە کردووە کە ئەوان پابەندن بە رێککەوتنی ١٠ی ئادار و حکوومەتی سووریای بەوە تۆمەتبار کردووە لە جیاتی ئاشتی بژاردەی سەربازی هەڵبژاردووە.
لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا سوپای عەرەبیی سووریا بە تانک و تۆپ و درۆن و هەر جۆرە چەکێکی قورس لەم گەڕەکانە دەدات. دۆخی ئەو گەڕەکانە تا دێت خراپتر دەبێت چونکە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراون و نەخۆشخانەکان لە دابینکردنی دەرمان و چارەسەرکردنی بریندارەکان لەگەڵ کەمیی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بەرەوڕوو بوون و سوپای عەرەبی سووریا تەنانەت ڕێی بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مانگی سوور نەداوە یارمەتیی بگەیەننە خەڵکی سڤیلی گەڕەکەکان.
گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەو هێرشانە نیگەرانە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین گردبوونەوە و خۆپێشاندان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بۆ پاڵپشتیی لە خەڵکی ئەو گەڕەکانە بەڕێوەچوون و هیرشی سوپای عەرەبیی سووریا سەرکۆنە کراوە.
سەرۆک بارزانی هەر زوو نیگەرانیی خۆی لە ڕووداوەکانی حەلەب دەربڕی و ڕای گەیاندبوو ئەوەی ڕوو دەدات هەڕەشەی جیدیی پاکتاوی ڕەگەزی لە دژی کورد دروست کردووە و داوای لە حکوومەتی سووریا کرد ناکۆکی سیاسی بۆ ناکۆکی نەتەوەیی نەگۆڕدرێن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش نیگەرانیی خۆی لەم هێرشانە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەربڕیوە و ئاماژەی داوە لە پێناو گۆڕینی دیموگرافی، کورد کراوەتە ئامانج.
سەرۆک بارزانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لەسەر هێڵە و نیگەرانی و هەڵوێستەکانی هۆکار بووە لەوەی لە ناوخۆی سووریا و دەرەوە پیوەندیی جیاوازی پێ بگات. ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری ڕاگوزەری سووریا و تۆم باراک نوێنەری تایبەتیی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی پێوەندییان بە سەرۆک بارزانییەوە کرد.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەو ئاراستەیە جارێکی تر کورد جینۆساید و ماڵوێران نەکرێت و لە ماڵ و حاڵی خۆی دەربەدەر نەکرێتەوە و لایەنەکانی سووریا بە یەکەوە و بە زمانی دیپلۆماسی هەنگاو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بنێن و لە زمانی شەڕ دوور بکەونەوە.

