سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی حەلەب و هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شیخ مەقسوود و ئەشرەفییە پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لەو پەیامەدا هاتووە: “ڕووداوەکانی حەلەب و بە ئامانجگرتنی کورد لە پێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێڕ پرسیارەوە”.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردووەتەوە: “شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی هیچ کێشەیەک ناکات. هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە”.
مەسرور بارزانی هیوای خواستووە هەموو لایەک، دان بە خویاندا بگرن و ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن و بۆ چارەسەریی کێشەکان، پەنا بو دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن. هەروەها هیوای خواستووە سیستەمی حوکمرانیی ئێستای سوریا لە ئاستی بەرپرسیارەتیی دەسەڵاتێکی دیموکرات و گشتگیر بۆ هەموو خەڵکی سووریا بێت.

