رۆژنامەی ھەولێر

بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی شارەوانییەکان ئەنجامدرا

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.1.7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەوێر، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانى شارەوانییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەری شارەوانییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ساڵی ڕابردوو و جەختی لەوەکردەوە، بۆ ئەمساڵ 2026 دەبێت کارەکان باشتر بکرێت، و ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕایکردنی مامەڵە و کاروبارکانیان هاریکاری و ئاسانکاری زیاتریان پێشکەشیان بکرێت.

سەبارەت بە پاکوخاوێنی شار و پاراستنی ژینگە و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە گەڕەک و شوێنەگشتییەکانی شار و دەروەی شار، دووپاتیکردەوە کە دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت.

پاشان، تیشکی خستەسەر کارەکانی شلتەری سەگی بێلانە، بۆ ئەومەبەستەش لایەنەکانی ڕاسپارد ڕوشی شلتەرەکە باشتر و چاکتربکرێت، سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی زەویش بەسەر فەرمانبەران دەستخۆشی لە هەموو لایەنەکان کرد، کە لەسنووری پارێزگای هەولێر بەراورد بە شارەکانی تری هەرێم بەڕێژەیەکی زۆر زەوی باش دابەشکراوە، گوتی ئەوەش ماییەی خۆشحاڵییە کە ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەران لەهەولێر زەوییان وەرگرتووە.

پاشان گفتوگۆی لە بارەی بەرنامە و پلان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2026 و پێداچوونەوە بە ئامادەکارییەکان کرا و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست وەرگیرا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەپێدان و باشترکردن و ڕێکخستنەوەی پارک و باخچەکان و شەقامەکانی شار و بازاڕ و بازاڕە میللیەکان و ناوچەی بەفر زۆن بە گشتی کرا. و تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوەی شوستەکان و ئەو شوێن و شەقامانەی کە لە چەند شوێنێکی شاری هەولێر قەرەباڵغی زۆریان کەوتۆتەسەر و لە کۆبوونەوەکانی پێشوتر بڕیاریان لەبارەوە دراوە. هەروەها سەرجەم شارەوانییەکان ڕاسپارد بەردەوام بن لە لادان و هەڵگرتنی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان.

لە کۆتایشدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە دوای خستەڕووی ڕا و سەرنج و تێبینی لە بارەی چەند پرسێکی دیکەی گرنگ و پەیوەست بە خزمەتگوزاریى و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، جەخت لە هەماهەنگی زیاتری نێوان فەرمانگەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کرایەوە بە شێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی لە سەنتەرى شار و سنوورى سەرجەم قەزا و ناحییە و گوندەکانى پارێزگاى هەولێر.