دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی
كرمانج غازی سدیق، بەڕێوەبەری كۆمەڵگە پەروەردەیی ناحكوومی “ڕۆنـــا” لە شاری هەولێر؛ لە دیمانەیەكی”هەولێر”ـدا، ئەوەی خستەڕوو:” پێویستە پردێکی پەیوەندی بۆ بەستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بە بازاڕی كار دروست بكرێت. باسی لەوەیش كرد :” پرۆگرامەكانی سیستەمی خوێندن وەكو پێویستنین بۆ دۆزینەوەی هەلی كار لە بازاڕدا”. دەشڵێت : ” لە گەڵ پێشكەوتنی خیرای جیهانی تەكنولۆژیا، گۆرانكاری بەسەر هەموو سێكتەرەكانی دنیادا هاتووە، دیاردە كۆمەڵایەتیەكانیش جۆراو جۆرتر بوون”.
ئێستاکە دۆخی زانستی کۆمەڵناسی لە نێوان “تیۆریی ئەکادیمی” و “واقیعی کۆمەڵایەتی”دا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا توانیویەتی لە دیوارەکانی زانکۆ بێتە دەرەوە و بچێتە ناو ژیانی خەڵکەوە؟
زانستی كۆمەڵناسی، جولەیكی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە دۆخی ئێستای كۆمەڵگەی كوردیدا، پێگەی كۆمەڵناسی بە چالاك و بەهێز هەڵدەسەنگێندرێت، چونكە وەبەرهێنان لە هەمەچەشنكردنی چەمكەكان وئامرازە تیۆری و پراکتیکییەکان دەكات، بۆ ئەوەی لە گەڵ ئالۆزیەكانی سەردەمدا خۆی بگونجێنێت. لە هەمانكاتدا خەریكە ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە تێگەیشتن لە ڕفتاری مرۆڤ و ڕێنماییكردنی بۆ گەشەسەندنێكی ئەرێنی گونجاو لە ناو كۆمەڵگادا، ئەوەش دەیكاتە زانستێكی واقیعی کە بەردەوام لە نویبوونەوەدابێت.
هەندێک پێیان وایە کۆمەڵناسی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە قەیراندایە و نەیتوانیوە شرۆڤەی ورد بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی کۆمەڵگە بکات؛ خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم بۆچوونە چییە؟
زانستی كۆمەڵناسی، ڕوبەڕوی چالینچی بەردەوام دەبێتەوە، بەڵام بە مانای وشەی لە (قەیراندا) نییە، بەڵكو لە دۆخێكی بەردەوامی گەشەكردندایە بۆ ڕوبەروبونەوەی جیهانێكی ئاڵۆز؛ هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تیۆری جۆراو جۆر، شیکردنەوەیەکی باشتر بۆ دیاردە كۆمەڵایەتییەكان پێشكەش بكات. لە هەمانكاتدا دان بە سنورداربونی زانستدا دەنێت لە لێكۆلینەوەلە ڕفتاری مرۆڤدا؛ ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەموو زانستێک، (ئەمیل دۆرکهایم)، بیرمەندی گەورەی کۆمەڵناسی، لەو بوارەدا دەڵێت ڕفتاری مرۆڤەكان بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە بە پێی گۆرانکارییە كۆمەڵایەتییەكان، بۆیە ئەستەمە خوێندنەوەی دروستی بە ڕەهایی بۆ بكرێت.
ئایا توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا تەنها بۆ بەدەستهێنانی پلەی زانستین، یان بەڕاستی دەبنە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی دیاردە و کێشەکان؟
پرسیارێكی زۆر سەرنج ڕاكیش و گرنگە، چونكە هەردووكیان دوو دیوی یەك دراون، تویژینەوەی زانستی كۆمەڵناسی ئامراز و میتۆلۆژیای تێگەیشتن لە كۆمەڵگەمان بۆ بەردەست دەخات، لەهەمانکاتدا لایەنی تیۆری و لایەنی پراکتیکی (مەیدانی) هەیە، بۆیە بەتایبەتی بەهۆی لایەنی پراکتیکییەکەیەوە کە پێویستە لە سەر دیاردە و کێشەیەکی هەنووکەیی و بەرچاوی نیو کۆمەڵگا ئەنجامبدریت، بەمەش دەرەنجامەکانی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکان دەبنە بنەمایەک بۆ چارەسەری دیاردە و كێشەكان لە ناو کۆمەڵگەدا.
تا چەند ناوەندەکانی بڕیار گوێ لە دەرەنجامی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکان دەگرن بۆ داڕشتنی پلان و ستراتیژی وڵات؟
لێرەدا بابەتی کارکردن بە دەرەنجامەکانی توێژینەوەکان زۆر لاوازە، جێ پەنجەی كۆمەڵناسان لە ناوەندەكانی بڕیار دیار نیە، ئەوەش زیاتر بۆ خۆ بە دوورگرتنی كۆمەڵناسان لەو بوارە دا دەگەڕێنمەوە، نەوەك گوێ نەگرتنی ناوەندەكانی بڕیار لە ئەوان؛ لە هەندێک حاڵەتدا پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە.
ڕۆڵی کۆمەڵناس لە کاتی قەیرانەکاندا (وەک قەیرانی ئابووری، جەنگ، یان دۆخە نالەبارەكان) چییە؟ ئایا لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵناسانی ئێمە ئامادەیی مەیدانییان هەبووە؟
ئەرکی سەرەکی زانستەکان بەگشتی و لە نێویشیاندا زانستی کۆمەڵناسی، ئەرکی ئەنجامدانی توێژینەو و شیکردنەوە و خستنە ڕووی دیاردە و کێشەکانە لە ڕووی چەندیتی و چۆنێتییەوە، بۆ لایەنی بەرپرس و دەمەزراوە تایبەتمەندەکان، واتا ئامادەبوونی مەیدانی توێژەرانی بواری کۆمەڵناسی لەرێگەی لایەنی مەیدانی توێژینەوەکانەوە بوونی خۆیان سەلماندووە لە نێو کۆمەلگادا.
بۆیە توێژینەوەی كۆمەڵایەتییەکان وەك پردێك كار دەکەن لە نێوان تاكەكانی كاریگەری سیاسەت و قەیرانەكان و ئەوانەی چارەسەر دەڕخسێنن، لە هەمانكاتدا دڵنیایی دەدات لەوەی وڵامدانەوەی مرۆیی لەسەر بنەمای تێگەیشتنی زانستی بێت لە گۆڕانی واقیعی كۆمەڵگەدا، بۆ ئەوەی كە كۆمەڵناسانی ئێمە ئامادەیی مەیدانیان بووبێت جارێ تا ڕادەێك زووە بتوانین ئەو كاریگەریە دروست بكەین چونكە نە تاكەكان و نە دەسەڵات بواریان نەڕخساندووە بۆ دروست بوونی ئەو بوونە مەیدانیە.
جیاوازیی نێوان “کۆمەڵناس” و “كەسێكی ئایینی یان بانگخوازێ” لای خەڵکی ئاسایی ڕوونە؟ یان هێشتا سنوورەکان تێکەڵن و خەڵک چاوەڕێی ئامۆژگاری دەکەن لەبری شیکردنەوەی زانستی؟
بێ گومان جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان ئەو دوو چەمكە، زانستی کۆمەڵناسی لەگەڵ دیاردە و کێشە مرۆیی كۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی بابەتی، واقیعی، زانستی، كار دەكات؛ هەرچی پیاوانی ئاینی و بانگخوازانن، كاریگەری عەقایدی و ڕۆحی لەسەر تاكەكان دروست دەكەن، بۆیە ئەوەندی خەڵك پشت بە ئامۆژگاری عەقایدی و ڕۆحی دەبەستن گوێ بە گوتار و تویژینەوە زانستیەكان نادەن، لە بیرمان نەچێت كۆمەڵگەی كوردی لە ژێر ئەو كاریگەریەیە تا ئێستاش كۆمەڵگایەكی ئاینی سۆزدارییە، زیاتر لەوەی كە كۆمەڵگەیێكی زانستی و مەدەنی و ئەقڵانی بێت.
میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵناس دروست کردووە؟ ئایا “شیكەرەوەی فەیسبووکی” جێگەی توێژەری ئەکادیمیی گرتووەتەوە؟
ئەو پرسیارە زۆر بابەت لە خۆدەگرێت، چونكە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان جیهانێكی زۆر فراوانی فەراهەم كردووە، میمبەرێکن بۆ پتەوكردنی پێوەندی كۆمەڵایەتی و زیادكردنی زانیاری لە هەموو بوارێك وەک ئەنجامدانی كاری ئابووری، سیاسی، میدیایی و، هتد. كاریگەری تەواوی لەسەر هەموو تاكێكی کۆمەڵگە دروست كردووە. لە هەمانكاتدا پەیوەستە بە ئاستی ڕۆشەنبیری ئەندامانی كۆمەڵگا لەسەر شێوازی بەكاربردنی؛ بەڵام نابێتە جێگرەوەی توێژینەوە زانستی و ئەكادیمیەكان، چونكە زۆر جار سەرچاوەكان نا ڕوون و باوەر بیكراونین، تەنها بەمەبەستی بازرگانی و كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنت بڵاو دەكرینەوە.
ئایا کۆمەڵناسی لە ناوچەکەماندا توانیویەتی “تیۆریی خۆماڵی” بەرهەم بهێنێت کە لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی بگونجێت، یان هێشتا هەر پشت بە تیۆرییە ڕۆژئاواییەکان دەبەستین؟
ئەگەر سەرنج بدەین، زانا و بیرمەندی زۆر بەناوبانگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، كە ڕۆژئاوایەكان زۆر سوودیان لە تیوریەكانی ئەوان بینیوە وەك (ئیبنخەلدوون بە دامەزرێنەری یەکەمی كۆمەڵناسی دەناسرێت؛ هەروەها بیرمەند و کۆمەڵناسی عێراقی، عەلی وەردی، ساری حەنەفی، بیرمەند و کۆمەڵناسی فارس، عەلی شەریعەتی)، زۆر ناویتر، كە پێشەنگن لەو بوارەدا بەڵام ئەگەر مەبەستت لە ناوخۆبێت، نەخێر تا ئیستا كەسی وامان نەبووە، بتوانیت شتێكی نوێ لەوبارەوە زیاد بكات، بەڵام بە سەدان توێژینەوەی زۆر باشمان هەیە كە لە لایەن كۆمەڵناسان ئەنجام دراون، بەهای بە قەد تیوەرێكی زانستی هەیە؛ زۆریش سوودی لێ وەر دەگیرێت، وەكو بنەمایەک بۆ چارەسەر كردنی كیشە ناوخۆییەكان.
زۆربەی دەرچووانی بەشی کۆمەڵناسی لە بازاڕی کاردا دەرفەتیان کەمە؛ ئەمە کێشەی سیستەمی خوێندنە کە قوتابی بەهێز پێناگەیەنێت، یان کێشەی تێنەگەیشتنی دامەزراوەکانە لە گرنگیی ئەم پسپۆڕییە؟
ئەو پرسیارە چەند ڕەهەندێک لەخۆ دەگرێت، یەكەم، لاوازی ئاستی تێگەیشتن و وشیاری دامەزراوەكان لە ڕۆڵی زانستی كۆمەڵناسی؛ دووەم، چەقبەستویی شێوازی خوێندن بەجۆرێک تا ئیستا گۆڕانكاری نەكراوە لەسەر دەرچواندنی كەسانێك كە لە بازاڕی كاركردن جیێگەیان ببیتەوە و خاوەن کارامەیی کارکردنبن، سیێەم، پشتبەستن بە لایەنی تیۆری كلاسیكی لە زانكۆكان؛ لە بری زیادكردنی لایەنی پراكتیكی و مەیدانی، كە دەبێتە فاكتەرێكی ئەرێنی ئاسان، بۆ وەرگێڕانی كارامەیی تیوریی بۆ پراکتیزەکردنی بە شێوازی مەیدانی ڕوون، كە لەگەڵ پێداویستیەكانی كاری سەردەمیدا بگونجێت وەكو (شیكاری داتاكان، بەرێوەبردنی پروژە، ڕاوێژکاری و، هتد) زۆرێكیتری هەلی كاری گونجاو كە شایستەی ئەو بەشە زانستییەیە.
لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و جیهانگیریدا، بەها کۆمەڵایەتییەکان زۆر بە خێرایی دەگۆڕێن؛ ئایا کەرەستەکانی دەستی کۆمەڵناسانی ئێمە بۆ پێوانەکردنی ئەم گۆڕانکاریانە کۆن نین؟
لە گەڵ پێشكەوتنی خیرای جیهانی تەكنولۆژیا، گۆرانكاری بەسەر هەموو سێكتەرەكانی دنیادا هاتووە، دیاردە كۆمەڵایەتیەكانیش جۆراو جۆرتر بوون، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە كە پێشتر بۆ بەدەستهینانی داتاو زانیاری و شیكردنەویان كاتێكی یەكجار زۆرت پێویست بوو، ئێستاکە بەهۆی زیرەكی دەستكرد، بۆتە كاری چركە و خولەك لەبری كاتژمێر و ڕۆژ، كەرستەكانیش دەتوانین بڵێن وەكو پێویست هەمووی بەردەستن، بۆ پێوانەكردنی گۆڕانكاریەكانی سەردەم.
گەورەترین مەترسی کە لە ئایندەدا ڕووبەڕووی شیرازەی کۆمەڵگە دەبێتەوە چییە و، پێشنیازی ئێوە وەک کۆمەڵناس بۆ ئامادەسازی چییە؟
لە هەموو كات و سەردەمێكدا، بەپێی گۆڕانكارییەکانی سەردەم، مەترسی و ئالنگاری ڕووبەڕووی كۆمەڵگاكان دەبنەوە؛ كۆمەڵگەی ئێمەش، بە دوورنیە لەو بابەتە، بەڵام ئەوەی كە دەبێتە ئالنگاریەکی گەوەرە، گۆرانی بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکانە لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا، ئەمەش دەتوانرێت لەرێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە کاری لەسەر بکرێت و ئامادەکاری پێشوەختە بۆ ڕوبەروبونەوەی بۆ ئەنجامبدریت، پێش ئەوەی دیاردە و کێشەی کۆمەڵایەتی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە لە داهاتوودا؛ لەو لاوە کێشەیەکی تر کە دەکریت لە داهاتوودا ڕووبەرووی ببینەوە، سیستەمی خوێندنە كە تا ئیستاش پرۆگرامەكان وەكو پێویستنین بۆ دۆزینەوەی هەلی كار لە بازاڕدا؛ بۆیە دەبێت پردێکی پەیوەندی دروست بكرێت بۆ بەستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بە بازاڕی كار، پشتگیریكردنی ڕاهێنانی پیشەیی، پێشخستنی خوێندنی دیجیتاڵی، پەرپێدانی مەنهجەكان بە جۆرێک كە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە پەروەردە بکات.

