باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، بەبۆنەی یادی 105 ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراقەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە شێوەیەکی تایبەت ستایشی قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تری کرد لە پاراستنی سەروەریی وڵاتدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ڕایگەیاند: “لە کاتێکدا عێراق یادی 105 ساڵەی دامەزراندنی سوپا دەکاتەوە، ئێمە ستایشی خزمەت و قوربانییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین، بەتایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە، کە لە پێناو بەرگرییکردن لە عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەی پێشکەشیان کردووە.”
لە پەیامەکەدا هاتووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو “ڕۆڵە زیندووەی” هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تر بینیویانە لە بەدیهێنانی سەرکەوتنی مەیدانی بەسەر ڕێکخراوی داعشدا؛ ئەو سەرکەوتنانەی بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر و قوربانییەکی گەورە لە پێناو عێراقێکی سەقامگیردا بەدەست هاتووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دووپاتی کردوەتەوە واشنتۆن پابەندە بە بەردەوامیی کارکردن و هاوکارییەکانی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە کاتێکدا وڵاتەکە بەرەو بونیادنانی داهاتوویەکی ئارامتر و گەشاوەتر بۆ گەلەکەی هەنگاو دەنێت.

