ڕائیب جادر – هەولێر
کەرتی گەشتیاری لە بووژانەوەی خێرادایە لە ھەرێمی کوردستان، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیا و بەردەوامی بووژانەوەی ئەو کەرتە وای کردووە لە چوار وەرزی ساڵدا گەشتیاران ڕووی تێ بکەن، ئەو بەرەوپێشچوونەی ناوچەکە لەڕووی گەشتیاری، چاوی گەشتیارانی بیانیشی کەوتووەتەسەر و سەرسامن بە دیمەنە جوانەکانی سرووشتی ناوچەکە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکرای دەکات، ئەو پلانەی کە دایان نابوو سەرکەوتوو بووە و زیاتر لە ٨٠ ھەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی سەری ساڵ ڕوویان لە سنوورەکە کردبوو.
خواستی گەشتکردن بۆ ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بایەخی بەو کەرتە داوە، سەقامگیری تەناھی و بوونی پڕۆژەی گەشتیاریش ھۆکارن بۆ ئەوەی گەشتیارێکی زۆرتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکات.
ھەرێمی کوردستان پلانێکی درێژخایەنی بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری ھەیە، کە لە ٢٠٢٢ دەستی پێ کردووە و ھەشت ساڵ دەخایەنێ، خەرجی ھەر گەشتیارێک لە نێوان ٢٠٠ تا ٥٠٠ دۆلارە، ئەمەش مانای وایە قازانجی ڕاستەوخۆ لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن دۆلار تا ملیۆنێک و ٧٥٠ ملیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا.
ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، دەریدەخات، ساڵی ڕابردوو نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە کە ١٥%ـیان گەشتیاری بیانی بوونە، بەفربارینی ئەمساڵیش ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە ھاتنی گەشتیاران و وەبەرھێنان لەو کەرتە بەردەوامە.
کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە لە بووژانەوەی خێرادایە و چاوی گەشتیاری بیانیشی کەوتۆتە سەر، حکوومەتی ھەرێم دەستەوەستان نەبووە و لە کابینەی نۆیەمدا ماستەرپلانی گەشتیاری ڕاگەیاند، بەتەواوبوونیشی، چاوەڕێ دەکرێت ھەرێمی کوردستان ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی بێ وێنە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،
پلانی پێشوازی لە گەشتیارانی سەری ساڵ سەرکەوتوو بووە، ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی ئەمنی و خزمەتگوزاری و کارگێڕی جێبەجێ کرا، ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران شاھێدی لێشاوێکی زۆری سەردانیکەران بوون لە ژینگەیەکی سەلامەت و ڕێکخراودا، کە ڕەنگدانەوەی ئاستێکی بەرزی ئامادەکاری و ڕێکخستنی نایاب بوو، ئەمەش بووە ھۆی خستنەڕووی وێنەیەکی ئەرێنی ناوچەکە وەک شوێنێکی گەشتیاری دڵخواز، ھەروەھا پلانەکە مسۆگەری ڕۆیشتنی ھاتووچۆی نەرم و بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی سەلامەتی گشتی و ژینگەی کرد، بەھۆی ئەو بەفرەی کە لە شاخ و ناوچە سرووشتی و گەشتیارییەکان باری، ئەو ناوچانەی گۆڕی بۆ دیمەنێکی ھەناسەبڕکێ لەگەڵ کەشێکی زستانە کە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و زیاتر لە ٨٠ ھەزار گەشتیار و سەردانیکەر لەو ماوە کەمە ڕوویان لە سنوورەکە کردووە، ھاوکات بەفرەکە جێگەی سەرنجی سەرەکی بوو بۆ ئارەزوومەندانی سروشت و کەشوھەوای زستان، بەو پێیەی سەردانیکەران چێژیان لە دیمەنە سپی پۆشراوەکانی شاخ و ئەو ئەزموونە ناوازەیەی گەشتیاری زستانە وەرگرت کە سۆران بەراورد بە ناوچەکانی دیکە پێشکەشی دەکات، ئەمەش پێگەی سۆران بەھێز دەکات وەک شوێنێکی گەشتیاری زستانەی ئومێد بەخش و ئاسۆی فراوانتر دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری زستانە و ھەمەچەشنکردنی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ھێزە ئەمنییەکان و بەشی خزمەتگوزاری و تیمی وەڵامدانەوەی خێرای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و خاوەن دامەزراوە گەشتیارییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ھەموو کەسێک دەکەین کە ڕۆڵیان ھەبوو لە سەرکەوتنی ئەم پلانەدا، ھاوکات ھاوکاری ھاووڵاتییان و گەشتیاران و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکان بە نرخ دەزانین، کە بەشداربوونە لە سەرکەوتنی وەرزی گەشتیاری.
ئاماژە بەوەش دراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران پابەندبوونی بەردەوامی خۆی بە پەرەپێدانی پلان و خزمەتگوزاری دووپات دەکاتەوە بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی پێگەی سۆران وەک شوێنێکی گەشتیاری دیاریکراو بە درێژایی ساڵ، داوا دەکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی و بایەخی زیاتر بە ناوچەکە بدات لەڕووی دابینکردنی پێداویستی لۆجستی و مرۆیی پێویست بۆ دامودەزگای گەشتیاری و یەکە ئیدارییە پەیوەندیدارەکان، بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی گەشتیاری بەتایبەتی گەشتیاری زستانە.

