رۆژنامەی ھەولێر

بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى پارتى پێشوازى لە شاندى بزووتنەوەى سادقون کرد

دوێنێ، شاندێکى باڵاى بزووتنەوەى سادقون بە سەرۆکایەتى (د. نعیم العبودى) سەردانى مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانى له‌ پیرمام کرد و، لە لایەن فازڵ میرانی بەرپرسى لە دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى پارتى پێشوازییان لێکرا.

له‌دیدارەکەدا، کە هۆشیار زێبارى ئەندامى دەستەى کارگێر و، هەڤاڵان زەعیم عەلى و نەوزاد هادى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و دکتۆر ئومێد سەباح ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى ئامادەیبوون، جەخت لە بنیاتنان و بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو لا کرایەوە بۆ خزمەتى گشتى و پاراستنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا گۆڕانکاریی و ئاڵنگاریەکانى قۆناغەکە خرانە بەر باس و، هەماهەنگى و گفتوگۆى بەردەوامى نێوان لایەنە سیاسییەکان بە زەرورەت زانرا لە پێناو حکومڕانییەکى باش و سەقامگیرىى عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها جەخت لە پاراستنى بنەماکانى بنیاتنانەوەى عێراقى نوێکرایەوە بە بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکان کە ئەمەش لە بەرژەوەندى وڵات و پێکهاتەکان و هاووڵاتیان و چەسپاندنى پێکەوەژیان و دیموکراسییەت دایە.
لە کۆتاییدا، هەردوولا تەئکیدیان لە بەردەوامى و بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان کردەوە و بڕیاردرا کە دیدار و کۆبوونەوە و سەردانەکان بەردەوامبن.