رۆژنامەی ھەولێر

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: بە بڕی نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە زاخۆ کراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرپەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەڵێت: ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی پڕ پێشکەوتن و پڕۆژە بوو بۆ زاخۆ و پڕ بوو لە دەستکەوت و بەرەوپێشچوون و جوانی. دەشڵێ: بە بڕی نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان لە زاخۆ کراوە.

گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ستایشی ڕۆڵی کابینەی نۆیەم و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد لە جێبەجێکردنی زیاتر لە ١٠٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە ڕێگەوبان، ئاو، کارەبا، پەروەردە، تەندروستی، گەشتیاری لەخۆ دەگرێت و زۆربەی ئەو پڕۆژانە جێبەجێکراون و بەشێکی دیکەشیان لە جێبەجێکردندان و کارکردن تیایاندا بەردەوامە.
گوھدار شێخۆ، ئەوەشی خستەڕوو، بەر لە ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ساڵی ٢٠٢١دا ٦٥%ی شەقامەکانی زاخۆ قیڕ نەبوون و ئەوانەشی قیڕ کرابوون زۆر کۆن و لەکار کەوتبوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ٩٠%ی شەقامەکانی زاخۆ قیڕتاو کراون و ئەوەی ماوەتەوە کارکردن تیایاندا بەردەوامە و لە ساڵی ٢٠٢٦ جێبەجێ دەکرێن. ئەمە جگە لەوەی ٤٠ کارگەی بواری جۆراوجۆر لە زاخۆ کراونەتەوە.
ھەروەھا گوھدار شێخۆ ئاماژەشی دا، لە زاخۆ بە بڕی نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان لە بواری جۆراوجۆر کراوە و یەک لە ئامانجەکانی ھاندانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، دابینکردنی دەرفەتی کارە بۆ گەنجان و خۆشبەختانە ئەو پڕۆژانەی لە زاخۆ ئەنجامدراون دەرفەتی کاریان بۆ گەنجانی دەڤەرەکە ڕەخساندووە، بۆیە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە لەلایەک داھاتی حکوومەت و لەلایەکی دیکەش داھاتی تاکیشی بەرز کردووەتەوە.
ھەروەھا لەبارەی سوودی ئەو فێستیڤاڵانەی کە لە زاخۆ بەڕێوەدەچن گوھدار شێخۆ گوتی: ھۆتێل و ڕێستوڕانتەکانی زاخۆ پڕن لە گەشتیار و ئەمەش بۆخۆی داھاتێکی باشە بۆ ئەو شوێنانە و ئەوەش وادەکات خەڵکی زاخۆ زیاتر کار بکەن و زاخۆ زیاتر بناسرێت و دەرفەتی کاری زیاتر بڕەخسێت.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاماژەی دا، کۆمپانیایەکی تایبەت بە چاندنی پاقڵەمەنییەکان لە زاخۆ کار دەکات و بەرھەمیشی ھەبووە و توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خاکی زاخۆ باشترین زەوییە بۆ چاندنی پاقڵەمەنییەکان و ئەو کۆمپانیایە پلانی ستراتیژیی ھەیە بۆ ھەماھەنگی لەگەڵ جووتیاران و یارمەتیدانیان بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی بەرھەمەکانیان و ساغکردنەوەی لە ڕێگەی کارگەی کۆمپانیاکەوە کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بچێتە بواری کارکردن.