رۆژنامەی ھەولێر

فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی بەربژێری پارتین بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دیاری کرد و لەگەڵ تەواوبوونی دەوامی فەرمی ئەمڕۆشدا، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەکە داخرا.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەریەک لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پێشکەش کردووە. ئەمڕۆش ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستەکە راگەیاند و ژمارەی پێشکەشکاران گەیشتە نزیکەی 46 کەس.

پێشکەشکردنی ئەم بەربژێرانە لە کاتێکدایە کە رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و دەبێت میکانیزمی دیاریکردنی بگۆڕدرێت بەشێوەیەک کە بەڕاستی نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بکات، نەک وەک موڵکی لایەنێکی دیاریکراو سەیر بکرێت.

سەرۆک بارزانی سێ رێکاری بۆ دیاریکردنی بەربژێر خستبووە روو: لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دیاری بکرێت، یان بە کۆدەنگی هێزە کوردستانییەکان، یان لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا هەڵبژێردرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش دابوو مەرج نییە کەسەکە سەر بە پارتی یان یەکێتی بێت، دەکرێت سەربەخۆ یان لە لایەنێکی دیکە بێت، بە مەرجێک کۆدەنگی کوردی لەسەر بێت.

بەپێی وادە دەستوورییەکان، پێویستە سەرۆک کۆمار لە ماوەی 30 ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. لەبەر ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە 29ـی کانوونی یەکەمی رابردوو هەڵبژێردراوە، دوا وادە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکەوێتە 28ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لە ماوەی 15 ڕۆژدا بەربژێری فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت رادەسپێرێت.