رۆژنامەی ھەولێر

ئامادەکاری بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکرێت

ڕۆژی یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەم، پارێزگای هەڵەبجە، ڕایگەیاند: بە سەرپەرشتیی پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە لە کۆبوونەوەیەکدا ئامادەکارییەکان بۆ یادی 38 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە وردی تاوتوێ کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ئەمساڵ یادەکە بە شێوازێکی شایستە بەڕێوە بچێت، بە جۆرێک کە تێیدا ڕەهەندە نێودەوڵەتی و یاساییەکانی کارەساتەکە بخرێنە ڕوو و جەخت لەسەر دابینکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی ناوچەکە بکرێتەوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، چەندین پێشنیار و بیرۆکە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە و دەوڵەمەندکردنی چالاکییەکان خرانە ڕوو، بە ئامانجی ئەوەی یادەکە پەیامی مەزنی قوربانیانی هەڵەبجە بە هەموو لایەک بگەیەنێت.