رۆژنامەی ھەولێر

هۆشیار زێباری: سەرەتای ساڵی 2026 دەستپێکێکی سەخت و دژوار بوو

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئاڵۆزی جیهان لە سەرەتای ساڵی 2026ـدا کرد و ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوە ئەمنیی و سیاسییانەی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان ڕوودەدەن، ئاماژەی مەترسیدارن بۆ داهاتوو.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەتای ساڵی 2026 دەستپێکێکی سەخت و دژوار بوو بۆ جیهانی نوێ.

زێباری لە پەیامەکەیدا، تیشکی خستووەتە سەر زنجیرەیەک قەیرانی جیهانی و ناوچەیی کە بەیەکەوە گرێ دراون. هاوکات دیمەنە گشتییەکەی جیهانی بەم شێوەیە وێنا کردووە؛ کە لە شەڕی سەپاندنی هەژموون و باڵادەستی لە باشووری یەمەن و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا، کە تێیدا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بروسکەئاسادا سەرۆکی ئەو وڵاتە دەستگیر کرا.

هۆشداریشی داوە لەوەی کە ئەم ڕووداوانە بەسەر یەکەوە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە هەرێمایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامێکی ڕوونیان پێیە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە داهاتوو ڕووداوی گەورەتر و مەترسیدارتری لە هەگبەدایە.