رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵ: ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند: شەپۆلی باران و بەفر کە لە سەرەتای کانوونی یەکەمەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، دەرئەنجامی زۆر ئەرێنی بۆ سەرچاوە ئاوییەکان هەبووە. بەپێی ئامارەکان، بڕی بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان 2 بۆ 3 هێندەی ساڵی ڕابردوو بووە.

بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان: لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، زیاتر لە 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدا کۆکراوەتەوە.
بەنداوی دەربەندیخان: ئاستی ئاوەکەی 5 مەتر زیادی کردووە.
بەنداوی دوکان: ئاستی ئاوەکەی 4 مەتر زیادی کردووە.
بەنداوی دهۆک: 1 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بۆ گەڕاوەتەوە و ئاستەکەی 41 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.
بەنداوی گۆمەسپان: داهاتی ئاوی 1 ملیۆن مەتر سێجا بووە و ئاستەکەی 1 مەتر بەرز بووەتەوە.

لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان، بەنداوە بچووکەکان بە سەلامەتی شەپۆلی لافاوەکەیان تێپەڕاندووە؛ زۆربەیان بە تەواوی پڕ بوون و ئەوانی تریش بڕێکی زۆر ئاویان تێدا خەزن کراوە.

بەهۆی توانەوەی ئەو بەفرە زۆرەی ناوچە نزماییەکانی گرتووەتەوە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاستی ئاوی بەنداوە گەورەکان زیاتریش ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات.

هەرێمی کوردستان بە داهاتێکی باشی ئاو و کەشێکی تەڕ و پڕبەرەکەتەوە پێشوازی لە ساڵی 2026 کرد.