ئه‌مڕۆ شه‌ممه 3-1-2026 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی (سێ شه‌وه‌ی یاران قه‌وڵتاس)، پیرۆزبایی نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌یی كاكه‌ییه‌كانی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و جیهان كرد كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی…
هاتنەوەی جەژنی سێ شەوەی یاران قەوڵتاس، به گه‌رمى و له دڵه‌وه له تەواوی خوشک و برایانی کاکەیی (یارسانی) لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان پيرۆز دەکەم، هیوادارم جەژنێکی ئارام و پڕ لە خۆشی و كامه‌رانى به‌سه‌ربه‌رن.
هاووڵاتييانى کاکەیيمان وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن و دێرینی ئەم نیشتمانە، هەمیشە نموونەی جوانی لێبوردەیی، ئاشتیخوازی و نیشتمانپەروەری بوون. بە درێژایيی مێژوو سەرەڕای ئاڵنگاری و ناهەموارییەکان، پارێزگاریيان لە ناسنامە و ئایین و کولتووری خۆيان کردووە و لە بەرگریکردن لە کوردستاندا قوربانیيان داوە.
لەم بۆنەیەدا، هەموو هاووڵاتييانى کاکەیيمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارامی پێکەوەژیان و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاته‌کان دەمێنێتەوە.
بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی مافەکانیان و پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و کۆمەڵایەتییان.
جەژنی قەوڵتاس لە هەمووان پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی و کامەرانی.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

