بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی لە دوێنێ شەوەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بە تایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە بەفرێکی زۆر باریوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران چەند ڕێنماییەکی گرنگی بۆ پاراستنی گیانی شۆفێران بڵاوکردەوە و داوا دەکات زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
ڕێنماییەکان بۆ شۆفێران:
1- ئەگەر کارێکی زۆر پێویستتان نییە، بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ ناوچە شاخاوییەکان مەکەن.
2- پێویستە تانکی سوتەمەنی ئۆتۆمبێلەکەت پڕ بێت بۆ ئەوەی لە کاتی هەر ئاستەنگییەک تووشی گرفت نەبیت.
3- پێویستە زنجیر و هەموو پێداویستییەکی تیمی فریاگوزاری و زستانە لەناو ئۆتۆمبێلەکەتدا ئامادە بێت.
4- ئەگەر بەهۆی بەفرەوە ئۆتۆمبێلەکەت پەکیکەوت و شوێنەکە چۆڵ بوو، بەهیچ شێوەیەک لە ئۆتۆمبێلەکەت دامەبەزە، لەبەر مەترسی سەرما و هێرشی ئاژەڵی دڕندە.
5- لە کاتی دروستبوونی هەر جۆرە ئاستەنگییەک، بە خێرایی پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و تیمەکانی هاتوچۆ و فریاگوزارییەوە بکە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا لە ناوچەکانی (سیدەکان، پرژێ، حاجی ئۆمەران، زینی وەرتێ و برادۆست) بەفرێکی زۆر باریوە و لە چەندین شوێن ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان دروست بووە.

